ئاماژە: ڕۆژی شەممە، ١٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦ (٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی)، لە وڵاتی نۆڕوێژ کۆنفرانسێک لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران (بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات) بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا، بە بەشداریی نوێنەرانی کۆمەڵێک حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستانی و ئێرانی بەڕێوە چوو. لەم کۆنفرانسەدا کە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی ئاسۆی داهاتووی سیاسیی ئێران و ڕۆڵی پێکهاتەکان، وتاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن دوکتۆر کوێستان گادانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات، پێشکەش کرا. ئەم وتارە بە خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا و هاوکات تاڵیادی تیرۆری میکۆنۆس، تیشک دەخاتە سەر پێویستیی بنیاتنانی داهاتوویەکی دێموکراتیک، فیدراڵ و سێکۆلار و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نوێ لە ئێراندا. ئەمەش دەقی تەواوی وتارەکەیە:
لە بزووتنەوەی ژیناوە
بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی دێموکراتیک، فیدراڵ و سێکۆلار
چوار ساڵ لە شەهیدکرانی قەتڵی حکوومەتی ژینا و ڕابوونی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» تێدەپەڕێت. ساڵیادی ئەم بزووتنەوەیە بۆ ئێمە تەنیا بیرهێنەرەوەی سەرهەڵدانێکی مێژوویی مافخوازیی کورد دژی دەیان ساڵ سەرکوت نییە، بەڵکوو ئەم ساڵیادە دەرفەتێکە بۆ وردبوونەوە لە دەستکەوتی خەباتی ئەو چەند ساڵەی دواییمان و تێڕامان لە داهاتووی خەبات و نەخشەڕێی نوێ بۆ سەرخستنی جووڵانەوەکەمان.
سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا لە تاڵیادی تیرۆری دوکتۆر سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانیدا بوو، بۆیە یادکردنەوەی تیرۆری میکۆنۆسیش بۆ ئێمە هەرتەنیا گەڕانەوەیەکی تاڵ بۆ تێچوویەکی قورس لە خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد نییە. یادەوەریی ئەو دوو تاڵیادە لە نێوان میکۆنۆس و بزووتنەوەی ژینا لەسەر شەقام پێمان دەڵێن خەبات و تێکۆشان دژی دیکتاتۆریی ڕێژیمی ئێران لە پێنج دەیەی ڕابردوودا خەباتێکی سەخت و پڕتێچوو بووە و دەبێ لە خۆمان بپرسین چۆن دەتوانین لە دیکتاتۆرییەت و تۆتالیتاریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێپەڕین، بێئەوەی ئیزن بدەین دەسەڵاتێکی تر بە هەر ناو و فۆرم و شێوەیەک بەڵام بە هەمان لۆژیک و بە ڕووخسارێکی نوێ بێتە سەر کار؟
ئەم پرسیارە بۆ نەتەوەکانی ئێران لە ئێستادا لە هەر کاتێکی تر گرنگترە. چونکە قەیرانەکانی ئێران تەنیا دەسەڵاتداریی ڕێژیمێکی سەرکوتگەر نییە، بەڵکوو لە تەنیشت قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان، قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئەمنییەتییەکان و نەبوونی مافی نەتەوەکان؛ قەیرانێکی دیکەش سێبەری خستووەتە سەر داهاتووی ئەم وڵاتە، ئەویش قەیرانی ئۆپۆزیسیۆن و ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی و نەتەوە ژێردەستەکان بەتایبەتی لە ماوەی دەسەڵاتداریی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا تامی تاڵی هەموو جۆرە سەرکوت و نادادپەروەری و قەیرانێکیان چێشتووە و نکۆڵی لە هەبوون و مافە سەرەتایییەکانیان کراوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو بەشمەینەتی، شەکەتی و زیان و خەسارەی بەری کەوتووە، کۆمەڵگەیەکی زیندوو و خاوەن ویست و توانای گۆڕانە. بۆیە ئێستا دەپرسن ئەگەر ئەم شێوازی حوکمڕانییە چارەسەر نەبووە، دەبێ چی جێی بگرێتەوە؟
ئەم پرسیارە و ئەم ویستە لە ڕووخانی ڕێژیم گرنگتر و بەبایەخترە. ڕووخانی حکوومەت دەتوانێت ساتێکی گرنگ بێت، بەڵام مەرج نییە دێموکراسی و دابینبوونی مافی هەمووانی تێدا مسۆگەر بێت. لە نێوان ڕووخانی دیکتاتۆرییەت و بنیاتنانی دێموکراسیدا کەلێنێکی گەورە هەیە. ئەگەر ئەو کەلێنە بە بیرکردنەوە و بڕیاری سیاسیی دێموکراتیک، بە دامەزراوەییکردنی پڕۆژەی ڕوون لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانی وڵاتدا پڕ نەکرێتەوە، تەنیا دەسەڵات گۆڕاوە و دەستاودەست کراوە، بەڵام لۆژیکی حوکمڕانییەکانی پێشوو هەر لە جێی خۆیەتی؛ بەتایبەت کە خەڵکی ئێران ئەزموونی ڕێژیمی پاشایەتی و گۆڕینی بە کۆماری ئیسلامییان هەیە و ڕەوا نییە و ناشیانەوێ ئەزموونێک بۆ جارێکی دی تاقی بکەنەوە.
پرسیاری سەرەکیی ئێمە دەبێ ئەوە بێت کە دوای ڕووخاندنی ئەو نیزامە سیاسییە دیکتاتۆرە چ سیستەمێکمان دەوێت؟ دوای ئەزموونەکانی بزووتنەوەی مەشرووتە و ئاڵوگۆڕەکانی ساڵەکانی ١٣٣٢ و خۆماڵیکردنی نەوت، کودەتای دژی دەوڵەتی موسەدیق و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و سووڕانەوە لە بازنەی دیکتاتۆری و سەرەڕۆییدا؛ ئێستا ئیتر ئێران پێویستی بە پڕۆژەیەکی سیاسیی دێموکراتیکی ئەوتۆ هەیە کە لەسەر بناغەی دابینبوونی مافە نەتەوەیی، سیاسی، مەدەنی و دێموکراتیکەکانی هەموو پێکهاتەکان، سەروەریی یاسا، دامەزراوەی سەربەخۆ، دابەشکردنی دەسەڵات، بەشداریی هاووڵاتییان لە هەموو کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دامەزرابێت؛ پڕۆژەیەکی سیاسیی دێموکراتیک کە سیستەمی ڕێکخراوەیی و دامەزراوەیی ڕێگە بە سەرهەڵدانی هیچ دیکتاتۆرییەک نەدات. ئێرانی داهاتوو دەبێ بە سەرنجدان و داننان بە ڕاستییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم وڵاتە دابڕێژرێتەوە. ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسی فرەچەشنیی ئێران. ئێران کۆمەڵگەیەکی یەکچەشن نییە؛ وڵاتێکی فرەنەتەوە و هەمەچەشنی زمانی، فەرهەنگی، ئایینی و جوگرافیاییە. هۆکاری کارەساتەکانی هەتا ئێستا ئەوە بووە کە ئەم فرەچەشنییە وەک مەترسی سەیر کراوە و بەردەوام هەوڵ دراوە جۆراوجۆرییەکان لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی ناوەندیدا بسڕدرێتەوە؛ بۆیە ئەو دۆخە لە بناغەوە دەبێ گۆڕانی بەسەردا بێت.
یەکگرتوویی ئێران نابێت بە مانای یەکسانکردنی ئێران بێت. ئەگەر بڕیارە وڵات یەکپارچە و یەکگرتوو بمێنێتەوە، ئەمە بە دابینبوون و دەستەبەربوونی مافی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی وەکیەکی هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە وەدی دێت. دابەشکردنی دەسەڵات بە مانای هەڵوەشاندنەوەی وڵات نییە، بگرە بەپێچەوانەوە، هۆکاری بەهێزترکردنی پەیوەندیی خەڵک و وڵات و دامەزراوەکانیەتی. ئەمەش لە گرەوی دێموکراسیی تەوافوقیدایە، چونکە دێموکراسیی زۆرینە لە کۆمەڵگەی فرەچەشنیدا ناتوانێ دابینبوونی مافی هەموو جۆراوجۆرییەکان، بەتایبەت کەمینەکان دەستەبەر بکات. بۆیە کۆتاییهێنان بە ستەمکاری و چەوسانەوە لە ئێراندا پێویستی بە دێموکراسیی فرەیی و تەوافوقی هەیە؛ دێموکراسییەک کە جیاوازییە نەتەوەیی، زمانی و فەرهەنگییەکان بەفەرمی بناسێ و بیانگۆڕێت بۆ نوێنەرایەتیی سیاسی و بەشداریی دامەزراوەیی.
ئەم پرسە بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگترە. لە هەموو مێژووی هاوچەرخدا کورد لە ئێران چەوساوەتەوە و بە ڕوانگەی ئەمنییەتی سەیری پرسی کورد و مافە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی کراوە و بەردەوام لە سۆنگەی تێکۆشان بۆ مافەکانی سەرکوت کراوە. ئێرانی داهاتوو کاتێک دەتوانێ یەکپارچەیی خۆی بپارێزێت کە نەتەوەکانی وەک کورد، بەلووچ، تورک، عەرەب، تورکمەن، گیلەک و هەروەها پێکهاتە زمانی، فەرهەنگی و ئایینییەکانی دیکەی ئەم وڵاتە بە مافە ڕەوا و بنەڕەتییەکانی خۆیان گەیشتبن.
بەڵام پرسی ئێرانی داهاتوو تەنیا پرسی یاسای بنەڕەتی و دابەشکردنی دەسەڵات نییە، بەڵکوو پرسی قۆناغی ڕاگوزاریشە. لە ڕۆژی یەکەمی گۆڕینی ڕێژیمەوە، دێموکراسیی تەواو بەدی نایەت. لە نێوان کۆتاییی ڕێژیم و دامەزراندنی سیستەمی نوێدا قۆناغێک هەیە کە دەتوانێت لە هەموو قۆناغەکان مەترسیدارتر بێت. لەو قۆناغەدا دەبێت ئەمنییەت دابین بکرێت، بەردەوامیی دامەزراوە گشتییەکان بپارێزرێت، ئابووری لە قەیران و ڕاوەستان دەربازی بێت و ڕێگری لە تۆڵەسەندنەوە و شەڕی نێوخۆیی بکرێت؛ قۆناغێک کە دەسەڵاتی کاتی دەبێ بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە ڕێگا بۆ هەڵبژاردنی ئازاد و پەسەندکردنی یاسای بنەڕەتیی ڕێککەوتنلەسەرکراو هەموار بکات و لە هەمان کاتدا دادپەروەری لەسەر بنەمای گەڕاندنەوەی متمانەی کۆمەڵگە بە یاسا بەڕێوە ببات. دێموکراسی بەبێ دابینبوون و دەستەبەربوونی کەرامەتی مرۆڤەکان، ئەمنییەت، ڕەخساندنی هەلی کار و وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی کۆمەڵگە، ئەو مەبەستە نییە کە نەتەوەکانی ئێران ئێستا خەباتی بۆ دەکەن و خوێنی بۆ دەدەن. بۆیە داهاتووی سیاسیی ئێران کاتێک سەقامگیر دەبێت کە چاکسازیی ئابووری، بەڕێوەبردنی کارای کۆمەڵگە و گەڕاندنەوەی ژیانی ئاساییی خەڵکی تێدا دەستەبەر بووبێت.
لە نێو هەموو ئەم پرس و بابەتانەدا، پرسی ژنان جێگەیەکی بنەڕەتیی هەیە. ئەگەر بزووتنەوەی ژینا یەک پەیامی سەرەکیی هەبێت، ئەوەیە کە ژن چیتر نابێت تەنیا سووژەی سیاسەت بێت، بەڵکوو دەبێ بکرێتە بڕیاردەر لە سیاسەتدا و بەشێک لە خاوەندارێتی لە دەسەڵات. بە دەربڕینێکی سادە نابێت تەنیا بڵێین «پاڵپشتیی ژنان دەکەین»، دەبێت بڵێین «دەسەڵات لەگەڵ ژناندا دابەش دەکەین»؛ ئەم بنەڕەتەش تەنیا پرسی ژنان نییە، بەڵکوو پرسی دەرخستنی ئاستی دێموکراسییە.
بزووتنەوەی ژینا پرسی ژنانی چەند هەنگاوێک پێش خست، ئەویش بە تێچوویەکی زۆر، بەڵام هەتا لوتکە هێشتا زۆری ماوە. ژنان دەبێ لە هەموو جومگەکانی بەڕێوەبەریی وڵاتدا پشکی شایان و ڕۆڵی کاریگەری خۆیان هەبێت. ئەگەر ژنان لە شەقامەکاندا ئازادییان هەبێت بەڵام لە ژوورەکانی بڕیارداندا نەبن، ئەوە هێشتا بەتەواوی لە سیستەمی پیاوساڵاری تێنەپەڕیوین. ئازادیی ژنان دەبێت لە دەرکەوتن لە شەقامەوە بگوازرێتەوە بۆ بەشداریی بەبێ هەڵاواردن لە دامەزراوەکانی دەسەڵاتدا.
بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ لە ساڵیادی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا و لە تاڵیادی تیرۆری میکۆنۆسدا باس لە داهاتووی ئێران دەکەین، پێویستە لە یادەوەری تێپەڕین بۆ بەرپرسیارەتی. پێویستە ئەو قەناعەتەمان لەلا دروست بووبێت کە پێشکەوتنی گۆڕانکاری تەنیا بەوە ناپێورێت ڕێژیمێک چۆن دەڕووخێت، بەڵکوو پێوەر ئەوەیە کە دوای ڕووخان چ نیزامێکی سیاسی جێگای ئەوی پێشووی گرتووەتەوە. خۆ ئەگەر ئێمە ساڵانێکە دەڵێین کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران پێویستی بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نوێ هەیە، ئەو گرێبەستە لەپێناو جێگیربوونی دێموکراسییەکی ڕاستەقینەدایە؛ گرێبەستێک کە تێیدا هیچ گرووپێک بەتەنیا خاوەنی ئێران نەبێت: نە شا، نە ئایەتوڵڵا، نە سوپاسالارێکی سەربازی، نە بنەماڵەیەکی تایبەت، نە حیزبێکی دیاریکراو، نە نەتەوەیەکی سەردەست، نە زمانێک و نە ئایینێکی دیاریکراو. ئێرانی داهاتوو دەبێت هی هەموو هاووڵاتییەکانی بێت و دەسەڵات دەبێت خزمەتگوزاری خەڵک بێت، نەک ئەوەی خۆی بە خاوەنی خەڵک بزانێت و بۆ مەرامە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانی بەبارمتەیان بگرێت.
بەڕێزان!
ئەگەر باسەکەم بە پرسیارێک دەست پێکرد، با کۆتاییی باسەکەشم هەر بە پرسیارێک بێت. پرسیار ئەوەیە بزووتنەوەی سیاسیی کورد و حیزبەکان چۆن دەبێ لە داهاتووی ئێران بڕوانن؟
پێش هەموو شتێک پێویستە خوێندنەوەی واقیعبینانەمان بۆ هاوسەنگیی هێز هەبێت. بزووتنەوەی کورد بە پاشخانی نزیک بە یەک سەدە خەباتی مافخوازانە، شەرعییەتی سیاسی و متمانەی بەهێزی کۆمەڵگەی کوردیی لەپشتە. ڕاستە داهاتووی ئێران بەبێ گۆڕانکاری لە ناوەند (تاران) یان بەبێ هاوکاری لەگەڵ نەتەوەکانی تردا ناگاتە ئامانج. ڕاستە ڕوانین بۆ ئێران دەبێ لەسەر بنەمای دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک، سێکۆلار و فیدراڵ بێت کە مافی بڕیاردانی نەتەوەیی تێدا دەستەبەر بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نێوماڵی کورد دەبێ زۆر پتەوتر لە ئێستا بێت.
ئەم یەکگری و یەکڕیزییە، کورد لە هێزێکی داواکار یان ئۆپۆزیسیۆنێکی ناوچەییەوە بۆ پێشەنگایەتیی گۆڕانکارییە سەرتاسەرییەکان دەگۆڕێت، وەک چۆن لە بزووتنەوەی ژینادا ئەوەمان سەلماند؛ بۆیە یەکگری و یەکگوتاری، یەکخستنی نێوماڵی کوردی و هاوهەڵوێستی، هەم سەروەریی سیاسیمان مسۆگەر دەکات، هەم دەمانکاتە ئەکتەرێکی سەرەکی لە داڕشتنەوەی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامیدا. هێزی ڕاستەقینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەهێزبوونی هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکان و لە ڕێکخستنی مەدەنی و خۆبەڕێوەبەریی نێوخۆیی بە بەهادان بە ڕێکخراوەکانی ژنان، کرێکاران، مامۆستایان، ژینگەپارێزان و ڕێکخراوە مەدەنییە هەمەچەشنەکاندایە. بەڵام ئەم هێزە کاتێک دەتوانێ شوێندانەریی باشی خۆی هەبێت کە پشتی بە دیپلۆماسیی کارا لە ئاستی جیهانیدا بەستبێت و ئەوە بەشێک لەو ئەرک و بەرپرسیارەتییانەیە کە دەکەوێتە سەر شانی هەموو تاک و لایەنە سیاسییەکانی کۆمەڵگەی کوردی.
لەگەڵ ئەوەشدا وەک چۆن بزووتنەوەی کورد هەمیشە پێداگریی لەسەر هاوخەباتیی نەتەوەکان لە ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامی و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی بەرین بۆ دروستکردنی ئاڵترناتیڤێکی جێمتمانە کردووە، ئێستاش ڕادەگەیەنین بەئاکامگەیشتنی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» و بەدیهاتنی بەری خەبات و تێکۆشانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، لە گرەوی دروستبوونی پردێکی بەهێز لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانی ئێران (کورد، بەلووچ، تورکی ئازەربایجان، عەرەب، تورکمەن، گیلەک، فارس) لەسەر بنەمای دانپێدانان بە مافی وەکیەکی هەمووان و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەکی نوێدایە.