دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران خۆپیشاندانێكی لە چوارەمین ساڵوەگەڕی شەهیدكرانی "ژینا ئەمینی" و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ژینادا لە "ئۆدێن-پلانی"ی شاری ستۆكهۆڵم بەڕێوە برد.
لەو چالاكییەدا ڕێژەیەكی بەرچاو لە نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان ئامادە بوون.
چەندین پەیام لەو بۆنەیەدا پێشكەش كران كە بریتی بوون لە:
پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران بە زمانەکانی كوردی و سوید.
پەیامی حزب مردم بلوچستان
پەیامی فێدڕراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكانی سوید
پەیامی كۆمیتەی هاوكاری هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە سوید
هەروەها لەو خۆپیشاندانەدا بەڕێز "سەردار عەبدوڵڵا" پەرلەمانتاری پێشووتری هەرێمی كوردستان وێڕای بەشداربوونی، پەیامێكی پڕناوەڕۆكی لە ڕاستای پشتیوانی لە خەباتی شوناسخوازانە و سەربەخۆییخوازانەی گەلی كورد و هاوسۆزی گەیاندن بە كوردانی هەر چوار پارچە كە بۆ ئازادی و ڕزگاری وڵاتەكەیان خەبات دەكەن، پێشكەش كرد.
ناوەڕۆكی خۆپیشاندانەكە بە دروشمی دژ بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و پشتیوانی لە خەباتی خەڵكی كوردستان دوای دوو كاتژمێر كۆتایی پێ هات.
شایەنی باسە كە ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لە شاری ستۆکهۆڵم چالاكانە بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بوون.