کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سێنتکام: ئاڵوگۆڕی نەوت لە گەرووی هۆرمۆز گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی

09:05 - 29 خەرمانان 2726

برەد کۆپێر، فەرماندەی سێنتکام ڕایگەیاند لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە یەک میلیارد بەرمیل نەوتی خاو بە پاراستنی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئەمریکا لە گەرووی هۆرمۆزەوە تێپەڕیوە، لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە نەیتوانیوە تەنانەت یەک بەرمیل نەوتیش ڕەوانە بکات.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە جووڵەی بازرگانی و تێپەڕینی نەوت، بارە بازرگانییەکان و گازی سروشتیی شلکراو لە دوو حەفتەی ڕابردوودا لە گەرووی هۆرمۆز گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە شەش مانگی ڕابردوودا.

کۆپێر ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێگە دەریاوانییە سەرەکییەکان لە مین پاک کراونەتەوە و ڕێگە بۆ ئەمنییەتی زیاتر لە ٢ هەزار کەشتیی بازرگانی خۆش کراوە.

سێنتکام ڕایگەیاندووە کە ئەم سەرکەوتنە بە هاواهەنگیی نزیک لەگەڵ وڵاتانی شۆرای هاوکاریی کەنداو، شیرکەتەکانی بیمە و کەشتیوانی بەدی هاتووە.

هەروەها کۆپێر باسی لە ڕۆڵی لاوانی سەربازی ئەمریکا لە بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکە لۆجیستیکی و ئەمنییەتییە ئاڵۆزەدا کرد و داوای لە هێزەکانی کرد لەسەر دەستکەوتەکانیان بەردەوام بن.

ئەم پێشکەوتنە دەریاییە هاوکاتە لەگەڵ گەمارۆدانی چڕی ئابووری و سەربازیی سەر ئێران، کە ڕێگەی لێ گرتووە لە بەکارهێنانی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتێژییە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی.