کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە پشتگیریی خۆی بۆ عەرەبستانی لە بەرانبەر حوسییەکان دەربڕی

10:27 - 29 خەرمانان 2726

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیە پاڵپشتی و پشگیریی خۆی بۆ عەرەبستان دەربڕی و ڕایگەیاند لەوانەیە عەرەبستانی سعوودی لە دوای هێرشی حوسییەکانی یەمەنەوە ڕووبەڕووی پێداویستیی سەربازیی ببێتەوە و تورکیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی بەرگریی مەککەدا، پشتیوانیی لەو وڵاتە دەکات.

ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەرمانان، هاکان فیدان ڕایگەیاند ڕاکێشانی عەرەبستان بۆ ناو شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران قبووڵکراو نییە و عەرەبستان ئارەزووی تێوەگلانی لەم شەڕ و پێکدادانەدا نییە.

لە لایەکی ترەوە، حوسییەکانی یەمەن کە لەژێر فەرمان و چاودێریی ڕێژیمی ئێراندا چالاکی دەکەن، لە دوو بەرەوە گرژییەکانیان لەگەڵ عەرەبستان و دەوڵەتی یاسایی یەمەن پەرە پێداوە.

حوسییەکان بەشێکی کەناراوەکانی دەریای سوور، لەوانەش ڕێڕەوی ستراتێژیی بابولمەندەبیان خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.

لە بەرانبەردا ئەرتەشی یاسایی یەمەن، لە حەفتەی ڕابردوودا چەند ناوچەیەکی ژێرکونتڕۆڵی ئەو گرووپەی ئازاد کردووە و زیانی زۆری پێگەیاند.

هاوکات پاکستانیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی بەرگریی مەککەدا، پابەندبوونێکی هاوشێوەی بۆ بەرگریکردن لە عەرەبستانی سعوودی دەربڕیوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانیی دارایی و لۆجستیکییەوە حوسییەکانی پڕچەک کردووە و لە گەرووی بابولمەندەبدا خەریکی چەتەیی و باجوەرگرتنە.