
سۆما ناسری
هەندێک ناو تەنیا بۆ ناسینەوەی کەسەکانن، بەڵام هەندێکی دیکە لە سنووری ناو تێدەپەڕن و دەبنە ناسنامە و ڕەمزی مێژوو. کاتێک ناوێک دەبێتە هێمای نەتەوەیەک و دەنگی سەردەمێک، ئیتر مەرگ ناتوانێت کۆتایی پێ بهێنێت. «ژینا ئەمینی» ئەو ناوەیە کە چوار ساڵە لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووی ئازادیخوازیدا، نەک وەک ناوێکی بێدەنگ، بەڵکوو وەک هاوارێکی پڕ لە ورە و کۆڵنەدان بەردەوام زایەڵەی دێت.
چوار ساڵ لەمەوبەر، ناوی کچێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بوو بە هەوێنی وەرچەرخانێکی مێژوویی کە نەک تەنیا ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەڵکوو ویژدانی مرۆڤایەتی لە سەرتاسەری جیهاندا هەژاند. ژینا ئەمینی ئەو ڕۆژەی بە دڵێکی پڕ لە هیواوە وێڕای براکەی بۆ سەردانێکی ئاسایی چوو بۆ تارانی پایتەختی ئێران، بێخەبەر بوو لەوەی شێرکۆ بێکەس گوتەنی: «تاران بەدەم کەسەوە پێ ناکەنێ، بە دەم مەرگەوە نەبێ». پاش ئەوەی پۆلیسی بەناو ڕەوشتی ئێران (گەشتی ئیرشاد) بە بیانووی دیاربوونی چەند تاڵێکی قژی دەستبەسەری کرد، پاش سێ ڕۆژ بەهۆی ئەو زەبرە قورسەی بەر سەری کەوتبوو، لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاویدا دڵی ژینا لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران لە لێدان کەوت؛ بەڵام لە لێدان کەوتنی دڵی ئەو کچە کوردە، دڵی ملیۆنان مرۆڤی ئازادیخوازی لە سەرتاسەری جیهاندا خستە یەک لێدان و کردنیە یەک دەنگ.
ژینا؛ ناوێک کە بوو بە ناسنامە
ناوی «ژینا» بە مانای ژیان دێت؛ لە ڕاستیشدا مەرگی ژینای کوردان بوو بە سەرەتای بووژانەوەی ئیرادەی گەلێک کە زیاتر لە چوار دەیە بوو لەژێر چەپۆکی حکوومەتی ئایینیدا بە هەموو شێوەیەک سەرکوت دەکرا. دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» کە لە گۆڕستانی ئایچیی سەقزەوە چەکەرەی کرد، تەنیا دروشمێکی سیاسیی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو دیسکۆرس و فەلسەفەیەکی نوێی خەبات بوو کە تێیدا ڕزگاریی کۆمەڵگە گرێدراوی ڕزگاریی ژن کرا. ئەم دروشمە سنوورە جوگرافی و نەتەوەییەکانی بەزاند، بوو بە زمانی هاوبەشی سەرجەم نەتەوە بندەستەکان و وەک مانیفێستی شۆڕشێکی مۆدێرن و ڕزگاریخواز چەسپا.
شکان و هەرەسی دیواری ترس
لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا، دەسەڵاتی زاڵ و دژەمرۆیی ئێران بە دڕندانەترین شێواز و لە ڕێگەی زەبروزەنگ، گرتن، ئەشکەنجە، پەتی سێدارە و تۆقاندنەوە هەوڵی دا ئەم دەنگە کپ بکات؛ بەڵام جیهان بینی کە خۆڕاگری و گیانفیداییی ڕۆڵە ئازادیخواز و مافویستەکانی کوردستان و سەرانسەری ئێران دیواری ترسی بۆ هەمیشە درز تێخست و هەرەسی پێ هێنا. لەو کاتەوە تا هەنووکە، ئیرادەی گۆڕانخوازی و ڕزگاریخوازی بە شێوەیەکی نەسرەوتوو لە هەموو هەل و دەرفەتێکدا سەرهەڵدەداتەوە و ڕووبەڕووی داگیرکەران و دەسەڵاتی خۆسەپێن دەبێتەوە.
سێ دەستکەوتی ستراتیژیی ئەم چوار ساڵە بریتین لە:
١ـ وەرچەرخان لە وشیاریی کۆمەڵایەتیدا: گەورەترین دەستکەوت، شۆڕشی هزری لە ناخی تاکەکانی کۆمەڵگەدا بوو. پاش ئەم ڕاپەڕینە، چیتر مافی ژن و ئازادییە بنەڕەتییەکان بابەتی لاوەکی نین، بەڵکوو بوونەتە جەمسەری سەرەکیی هەموو هاوکێشە و دیالۆگێکی سیاسی. ژنان بە کردەوە سەلماندیان کە پێشەنگی بێڕکابەری مەیدانن و دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» بوو بە پەیامێکی گەردوونی کە ئێستاش لە گۆڕەپان و ناوەندە جیهانییەکاندا بە شکۆوە دەگوترێتەوە.
٢ـ دەرکەوتنی نەوەی بوێر و یاخی (نەوەی Z): ئەم قۆناغە سەلماندی کە نەوەی نوێ بە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی دواکەوتووانە دەستەمۆ ناکرێت. ئەوان لە نێو جەرگەی مەترسیدا بەدوای ژیانێکی شایستە و ئازاددا دەگەڕێن؛ بوێریی بێوێنەی ئەم نەوەیە بووەتە مۆتەکە بۆ ستەمکاران و بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە هیچ ڕێگرییەک پاشەکشە ناکەن.
٣ـ بەدەستهێنانی ڕەوایی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا: پرسی ژینا دۆسیەی ئێرانی لە «تەوەری تەناهی و چەکی ئەتۆمی»یەوە گواستەوە بۆ «تەوەری پرسی مرۆڤایەتی و مافی مرۆڤ». ژینا بوو بە سیمبولی جیهانیی بەرەنگاری دژ بە فاشیزمی ئایینی، و لەو کاتەوە ئیتر پرسی ئێران لە مەلەفی وزەی ناوکیدا قەتیس نەمایەوە، بەڵکوو ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بووە پێوەری سەرەکیی ململانێکان.
باجی گران و پشکۆی بن خۆڵەمێش
لەو چوار ساڵەدا، ڕێگای ئازادی بە خوێنی دەیان هەزار گەنج سوور کرا؛ هەزاران چاو کە بیناییی خۆیان بەخشییە نیشتمان و هەزاران تێکۆشەر کە لە تاریکخانەی زیندانەکاندا وەک چیا خۆڕاگر مانەوە. لە درێژەی ئامانجە بەرزەکانی شۆڕشی ژینادا، لە نێوان ڕۆژەکانی ١٧ و ١٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردووش بە دەیان هەزار کەس بە دەستی مرۆڤکوژانی کۆماری ئیسلامی خەڵتانی خوێن کران. ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک هەمیشە سەنگەری پێشەنگی ئەم خەباتە بوو و سەلماندی کە ئیرادەی گەل لە فیشەک و پەتی سێدارە بەهێزترە.
ئەمساڵ کە چوار ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێدەپەڕێت، «ژینا» تەنیا ناوێکی سەر کێلی گۆڕێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو قیبلەگەی ئازادی و ڕۆحی شۆڕشێکی بەردەوامە. ئەو نیشانی دا کە دەکرێت لە نێو جەرگەی تاریکییەوە چرایەک دابگیرسێنرێت کە تەواوی جیهان بە تروسکاییەکەی ڕووناک ببێتەوە. ئەگەرچی ڕێگاکە پڕ لە هەوراز و نشێوە و باجێکی گرانمان داوە، بەڵام مێژوو دەیسەلمێنێت کە هیچ زەبروزەنگێک ناتوانێت بەربەست لەبەردەم گەلێکدا دروست بکات کە بڕیاری داوە ئازاد بژی. ژینا ئەمینی چوار ساڵ لەمەوبەر شەهید بوو، بەڵام ئەو هەموو ڕۆژێک لەنێو هاواری «ژن، ژیان، ئازادی»دا، سەرلەنوێ لەدایک دەبێتەوە.