کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکارییە ئاشکراکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان درێژەی هەیە

10:23 - 29 خەرمانان 2726

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژنێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی بەیان قادری خوشکی پێشمەرگەیەکی کوردستان دەسبەسەر کراوە و سەبارەت بە لوقمان پوورمەند خەڵکی ورمێ، دوای ٦ مانگ و سیروان حەبیبی دوای ١١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەرمانان، بەیان قادری، خەڵکی پیرانشار، کە لەسەر داوای ناوەندە ئەمنییەتییەکان سەردانی کردبوون، هەر لەوێ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک، دەسبەسەر کرا و چارەنووسی نادیارە.

ڕۆژی هەینی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و پشکنینی وردی نێو ماڵەکەیان کردووە، هەروەها لەو هێرشەدا، باوکی ناوبراویان بە ناوی عەزیز قادری بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر کردووە و دواتر بەو مەرجەی کە کچەکەی بۆ ڕۆژی دواتر لە ناوەندە سەرکوتکەرەکان ئامادە بێت، ئازاد کراوە.

شایانی باسە ئەو بنەماڵە کوڕێکیان بە ناوی محەممەد قادری پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، شەش مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «لوقمان پوورمەند»، هاووڵاتیی ٣٦ ساڵەی خەڵکی «دزەی مەرگەوەڕ»ی ورمێدا تێپەڕیوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

«لوقمان پوورمەند»، کۆتایی مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لە دوای هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر شوێنی کارەکەی، بەبێ هۆکار دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

هەروەها بە تێپەڕینی ١١ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی«سیروان حەبیبی»، خەڵکی کامێران، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

«سیڕوان حەبیبی»، کاتژمێر ١ی سەرلەبەیانیی ١٨ی خەرمانان، لە شارەکی بێعسەتی کامێران، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، بە توندی بریندار کرا و پاشان بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا.