کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕێگە نادەین ئێران ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست داگیر بکات

09:11 - 29 خەرمانان 2726

دانی دانۆن، نوێنەری هەمیشەیی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات بیرۆکە توندڕەوەکانی لە سەراسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بڵاو بکاتەوە و جەختی کردەوە کە تاران مەترسییەکی گشتگیرە و بێجگە لە ئیسرائیل هەڕەشە بۆ سەر تەواوی ناوچەکەشە.

دانی دانۆن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر پەلامارەکانی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣دا، دەتوانێت پرۆسەی هەوڵە دیپلۆماسییە ناوچەییەکانی خۆی کە بەو هۆیەوە پەکیان کەوتبوو، دەست پێ بکاتەوە و لەو شوێنەی وەستابوو بەردەوامی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بدات.

نوێنەری ئیسرائیل جەختی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی دڕندەیی و هەڕەشەکانی ئێران کردەوە و وتی: "تاران دەیەوێت بیرۆکە توندڕەوەکانی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، بەڵام ئێمە ڕێگەی پێ نادەین ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆنتڕۆڵ بکات."

دانۆن باسی لە هێرشەکانی پێشووی ئێران بۆ سەر ئێمارات و عەرەبستان کرد و ڕوونی کردەوە کە کێشەی تاران لەگەڵ ئیسرائیلدا ململانێیەکی ناوچەیی و خاکیی سادە نییە، بەڵکوو لە ڕوانگەیەکی ئیدیۆلۆژی و توندڕەوانەوە سەرچاوەی گرتووە.