گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەن بەرپرسایەتیی هێرشەکانیان بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی لە ئەستۆ گرت و ڕایانگەیاند کە بە دەیان مووشەکی بالستیک و دڕۆن، ڕیاز و بنکە و دامەزراوەکانی «ئارامکۆ»، کۆمپانیای نەوتیی عەرەبستانیان لە شاری بەندەری یونەبەع، کردووەتە ئامانج.
عەرەبستان هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر ڕیاز و چەند شاری تری پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە بەرگریی ئاسمانیی ئەم وڵاتە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئەو گرووپەیان تێکشکاندووە.
هەروەها تورکی مالکی، وتەبێژی هاوپەیمانیی سەربازی بە ڕێبەریی عەرەبستان، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەرمانان ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانیی ئەم وڵاتە مووشەکێکی بالستیکیان خستووە خوارەوە.
بە وتەی مالکی، هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان لە بیشە، تائیف، فەرسان و یونەبەعیش بەرپەرچ داوەتەوە.
شایانی باسە بەهۆی ئەو هێرشەوە، تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی تەنکەرێکی سووتەمەنی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی ڕیاز، بۆ ماوەیەک چالاکیی فڕۆکەخانەکەی تێک دا.
بەرپرسانی سعوودییە سەرەتا هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوەیان ڕانەگەیاند و دواتر حوسییەکان ئەو هێرشەیان گرتە ئەستۆ.
شەڕی نێوان عەرەبستان و گرووپی چەکداری حوسییەکانی یەمەن سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە سێ مانگی ڕابردوودا و بە بەستنی گەرووی بابولمەندەب بە ڕووی کەشتییە بازرگانییەکانی عەرەبستان لەلایەن ئەو گرووپەوە دەستی پێکرد و هەتا ئێستا بەردەوامە.