کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەری چارەڕەشی لە کوردستان و لوڕستان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست

13:00 - 23 بانەمەڕ 2726

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ئابووری، پێوەری چارەڕەشی لە ئێران لە زستانی ١٤٠٤دا گەیشتووەتە ٧٤.٢ یەکە، کە ئەمە بەرزترین ئاستی ئەم پێوەرە لە پێنج ساڵی ڕابردوودایە.

ئەم بازدانە گەورەیە نیشاندەری گوشارێکی بێوێنە بۆ سەر بژێویی هاووڵاتییانە، کە بە پلەی یەکەم بەهۆی هەڵاوسانی توندەوە دروست بووە، نەک تەنیا بێکاری؛ چونکە ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵبەخاڵ لەم وەرزەدا گەیشتووەتە ٦٦.٦ لەسەد.

نەخشەی دابەشبوونی چارەڕەشی لە ئاستی پارێزگاکاندا نیشانی دەدات کە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خراپترین دۆخیان هەیە.

چوار پارێزگای کوردستان، کرماشان، لوڕستان و ئیلام بە تۆمارکردنی نمرەی سەرووی ٩٠، لە سەرووی لیستی چارەڕەشترین پارێزگاکانی ئێراندا وەستاون.

لەم نێوانەدا پارێزگای سنە بە ٩٦.٣ یەکە و کرماشان بە ٩٦.٢ یەکە، لوڕستان بە ٩٥.٥ یەکە و ئیلام بە ٩٠ یەکە، بەرزترین ئاستی چارەڕەشییان لە سەرانسەری ئێراندا تۆمار کردووە.

هەروەها لەم پارێزگایانەدا، تێکەڵبوونی هەڵاوسانی بەرز و بێکاری، گوشارێکی زۆری دروست کردووە. کرماشان بە ١٦.٥ لەسەد بەرزترین ڕێژەی بێکاریی هەیە و لوڕستانیش بە هەڵاوسانی ٨٣.٦ لەسەد قورسترین گرانیی تێدایە.

جیاوازیی نێوان تاران وەک ناوەند، کە کەمترین پێوەری چارەڕەشیی بە ٥٩.٧ یەکە هەیە، لەگەڵ پارێزگاکانی وەک سنە و کرماشان، نیشاندەری نایەکسانییەکی قووڵ و پەراوێزخرانی ئابووریی سەراسەری کوردستانە لەلایەن ڕیژیمی کۆماری ئیسلامییەوە.