لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریی چەند کاتژمێریدا لە شاری سەراوانی سیستان و بەلووچستان، سێ چەکداری سپای تێرۆریستیی پاسداران و چەند کەسێکی دیکە لە لایەنی بەرانبەر کوژراون.
هێزی زەمینیی سپای تێرۆریستیی پاسداران، ڕۆژی شەممە ٢١ی خەرمانان ڕایگەیاند کە لە پێکدادانی چەکداری لەگەڵ گرووپێکی چەکداردا، سێ کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران کوژران.
هەروەها ئەو هێزەی ڕێژیم باسی لە کوژرانی چوار کەس لە لایەنی بەرانبەر کردووە.
ماڵپەڕی حاڵوەش لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە پێکدادانەکە نزیکەی کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانیی ٢١ی خەرمانان دەستی پێکرد و زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاندووە.
بە وتەی سەرچاوە خۆجێییەکانی بەلووچستان، سەدان چەکداری ڕێژیم نێردراونەتە ناوچەی بەخشان و پێکدادانێکی قورس لەو سنوورەدا ڕووی داوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم ١٤ دەنگی تەقینەوە و تەقەی بەدوای یەک لە دەوروبەری بنکەی سپای پاسداران لە سەراوان، شەقامی ئینقلاب، ئیدارەی ئیتلاعات و بەندیخانەی ئەم شارەدا بیستراوە.
حاڵوەش هەروەها باسی لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفرۆکەوانی سیخوڕی، هاتوچۆی ئامبوڵانسەکان و گواستنەوەی هێزی زیاتری ڕێژیمیان لەو ناوچەیە کردووە.
شایانی باسە سپای پاسداران چەند خانوویەکی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاساییان بە زیاتر لە ٢٠ گولـلە ئارپیجی و چەند نارنجۆکێک کردووەتە ئامانج.
چەند کاتژمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی سەرەتایی، ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم لە زمانی عەلی خەلیل ئابادی، جێگری ئەمنی و ئینتزامیی ڕێژیم لە سیستان و بەلووچستان، نووسیویانە کە هێزەکانی ڕێژیم، «شوێنی کۆبوونەوەی گروپێکی چەکدار»یان لە بەخشان ناسیوەتەوە و کردوویانەتە ئامانج.
ئەو فەرماندەیەی ڕێژیم وردەکاریی زیاتری نەخستووەتە ڕوو.
بەرەی خەباتگێڕانی خەڵکی (جبهه مبارزین مردمی) ئەم هێرشەی لە ئەستۆ گرت.
ئەو بەرەی پێکهاتووە لە چەند گرووپ و حیزبی جیاواز کە بریتیین لە؛ بزووتنەوەی نەسری بەلووچستان، ڕێکخراوی جەیشولعەدل، گرووپی محەممەد ڕەسولەڵڵا و گرووپی پەیکارجوویانی خۆبەخشی بەلووچ.