ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، لەلایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی "بەڕۆژە"ی بانەوە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەبۆنەی کۆتاییهاتنی سەرکەتووانەی خولێکی فێربوونی زمانی کوردی بە بەشداریی هەزاران فێرخواز، مامۆستا و ئەدەبدۆستانی کوردستان و ئۆگرانی زمانی دایکی بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوەڕەسمەدا، بڕوانامەی فێربوونی زمانی کوردی، پێشکەشی زیاتر لە ١٢٠٠ منداڵ و مێرمنداڵ و فێرخواز کرا.
هەروەها منداڵانی بەشداربوو لەو خولە فێرکارییەدا، سروودی " شیرین و خۆشە زمانی کوردی" و چەندین شێعر و سروودی دیکەیان بە شێوەی گرووپی پێشكەش کرد.
شایانی باسە لەو ڕێوڕەسمەدا، منداڵان بە جلوبەرگی ڕازاوەی کوردی و جامانە و جلی خاکییەوە بەشدار بوون و بە تایبەت کچان بەشدارییەکی چالاکانەیان هەبووە.
لە هەر چوار پارێزگای کوردستانەوە شاعیران، نووسەران، ئەدەبدۆستان، هۆگرانی زمانی کوردی و هاووڵاتییان بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمەدا کرد و ئەوەش بووە هۆی دڵگەرمیی زیاتری فێرخوازان و مامۆستایانی زمانی کوردی.
ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی «بەڕۆژە»ی بانە لە ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی دامەزراوە و هەتا ئێستا دەیان چالاکیی فەرهەنگی و ئەدەبی و فێرکردنی زمانی کوردی بەڕێوە بردووە و یەکێک لە چالاکترین ئەنجومەنە فەرهەنگی ئەدەبییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.