ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خەرمانان ڕایگەیاند کە کەشتییەک لە کاتی تێپەڕبوونیدا لە گەرووی هۆرمۆز، لەلایەن هاوێژراوێکی نەناسراوەوە پێکراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەو ناوەندە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هێشتا زانیاریی ورد لەسەر بارودۆخی خەدەمەی کەشتییەکە، ئاستی زیانە بەرکەوتووەکان و لێکەوتە ژینگەییەکانی ئەو ڕووداوە لەبەر دەستدا نییە و لێکۆڵینەوەکان لەمبارەیەوە بەردەوامن.
ئەم ڕووداوە لە چوارچێوەی زنجیرە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپە نیابەتییەکانیدا دێت کە ئامانجیان تێکدانی ئەمنییەتی دەریاکان و گوشارخستنە سەر بازاڕی وزەی جیهانییە.
UKMTO هۆشداریی داوەتە تەواوی کەشتییە بازرگانییەکان کە بە وریایی زۆرەوە لە گەرووی هۆرمۆزەوە تێپەڕ بن و هەر جموجۆڵێکی گوماناوی ڕاستەوخۆ ڕابگەیەنن.
ئەم ڕووداوە تەنیا ڕۆژێک دوای ئەوە هاتەئاراوە کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاندبوو لە چوارچێوەی گەمارۆدانی دەریایی ئێراندا، لە دوو مانگی ڕابردوودا ڕێڕەوی ١٠٠ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و جەختی کردبووەوە کە هیچ کەشتییەک بەبێ مۆڵەتی ئەمریکا ناتوانێت لەو ناوچەیە تێپەڕ بێت.
ئەم دەستدرێژییانەی ڕێژیمی تاران لەکاتێکدایە کە ڕێڕەوی هۆرمۆز و بابولمەندەب وەک دوو شادەماری سەرەکیی گواستنەوەی نەوت و گازی جیهان دادەنرێن و کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیم بوونەتە هۆی شڵەژان لە بازاڕەکانی نەوتدا و نرخی سووتەمەنییان لەسەر ئاستی جیهان بەرز کردووەتەوە.