بەپێی هەواڵێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە شاری پیرانشار هەڵیانکوتاوە سەر بنەماڵەی چەند پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات و سەرەڕای بڵاوکردنەوەی فەزای ترس و دڵەڕاوکێ و زیانگەیاندنی ماددی بە ماڵەکانیان، چەند ئەندامێکی بنەماڵەکانیشیان بریندار کردووە و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردوون.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر ٤ و ٣٠ خولەک، جاشە مەنگوڕەکانی پیرانشار پەلاماری ماڵی باوکی پێشمەرگەی کوردستان، کاکەڵڵا سوخەنوەر ناسراو بە "ئارام گەردی"یان داوە و سەرەڕای ئاگرتێبەردانی ماڵی باوکی ناوبراو، باوک و دایکی و چەند ئەندامێکی دیکەی بنەماڵەکیان ئازار و ئەشکەنجە داوە و بەهۆی قورسیی لێدان و ئەشکەنجەکەوە براونەتە نەخۆشخانە.
هاوکات، ئەو جاش و بەکرێگیراوانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی برایەکی محەممەد یووسفی ناوسراو بە "محەممەد باڵدار" پێشمەرگەی کوردستان و برایەکی ناوبراویان بەسەختی بریندار کردووە و زیانی زۆریان بە ماڵەکەیان گەیاندووە.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و جاش و بەکرێگیراوان، گوشارەکانیان لە دژی بنەماڵەی سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات پەرە پێداوە و لە ئازار و ئەزیەتیی ئەو بنەماڵانە بەردەوامن.