ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، کاک ڕەشید خالیدیان، پێشمەرگەی پێشووی هێزی بەرگری و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و ناسراوی ناوچەی دوڵێی ورمێ لە تەمەنی ٦۷ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە، لە ئاوایی "ناری" سەر بە ناوچەی دوڵێ کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو کەسێکی ڕووخۆش و قسەزان بوو و زۆر تایبەتمەندیی بەرزی دیکەی وای لێکردبوو خەڵکی ناوچە ڕێزی لێ بگرن.
کاک ڕەشید لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاویدا، وەک کەسێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست، چەکی پێشمەرگایەتی لە ڕیزی هێزی بەرگری کردە شان و چەندین جار لە تێکشکاندنی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمدا چالاکی نواندووە.
ناوبراو هەتا دوا هەناسەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە.
تەرمی کاک ڕەشید بە بەشداریی خەڵکی ناوچەکە لە زێدی خوی، لە ئاوایی ناری بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.