کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایا شەڕ، قەیرانی ئابووری و ناڕەزایەتیی نێوخۆیی دەتوانن ببنە هۆی ڕووخانی ڕێژیم؟

15:16 - 19 خەرمانان 2726

کاوە عەبداڵی

ئێران بە قۆناغێکی زۆر هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت. شەڕی درێژخایەن، گوشارە سەربازییەکان، گەمارۆ و گوشارە ئابوورییەکان، دابەزینی بەهای دراو، هەڵاوسانی زۆر بەرز و کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک، هەموویان لە کاتێکدا کۆبوونەتەوە کە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانیش ڕۆژبەڕۆژ بەرەو زیادبوونن و بەردەوامن.

سەرەڕای ئەم بارودۆخە نالەبارە، بڕیاری حکوومەتی ئێران بۆ دووهێندەکردنی نرخی بەنزین بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی کە لە مانگێکدا زیاتر لە ١١٠ لیتر سووتەمەنی بەکار دەهێنن، تەنیا بڕیارێکی ئابووری نییە، بەڵکوو بڕیارێکە کە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆر گەورەتری لێ بکەوێتەوە. نرخی بەنزین بۆ ئەم بەشە لە ٥ هەزار تمەنەوە بۆ ١٠ هەزار تمەن بۆ هەر لیترێک بەرز کراوەتەوە، لە کاتێکدا کە سوبسیدی ١١٠ لیتری یەکەم وەک خۆی بەردەوامە.

لە ئێراندا ناکرێت بەنزین تەنیا وەک سووتەمەنییەکی ئاسایی سەیر بکرێت، بەڵکوو بووەتە یەکێک لە هەستیارترین بابەتەکانی ژیانی ڕۆژانە. زیادکردنی نرخی بەنزین لە ساڵی ٢٠١٩دا بوو بە چەخماخەی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکان و ئەم ناڕەزایەتییانە بە خێرایی لە داواکارییە ئابوورییەکانەوە گەیشتنە ئاستێکی سیاسی و دژایەتیی ڕاستەوخۆی ڕێژیم، تا گەیشتە وتنەوەی دروشم دژی ڕێبەری ئایینی و دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی.

لەگەڵ ئەمەشدا حکوومەت بەسەر قەیرانەکەدا زاڵ بوو، بەڵام بارودۆخی ئێستا لەگەڵ ساڵی ٢٠١٩دا جیاوازییەکی بنەڕەتیی هەیە. ئەمجارە کۆماری ئیسلامی تەنیا لەگەڵ قەیرانی ئابووری و ناڕەزایەتیی خەڵکدا ڕووبەڕوو نییە، بەڵکوو ئێران لە نێو شەڕێکی گەورەی ناوچەییدایە و گوشارە ئابووری و سیاسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە زیادبووندان. تەنانەت ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات کە گوشارەکان بۆ سنووردارکردنی هەناردەی نەوت و گەمارۆکان، بە شێوەیەکی زۆر زیاتر لە جاران دەبنە بارێکی قورس بەسەر ئابووریی ئێرانەوە.

لە لایەکی دیکەوە، کاریگەرییەکانی شەڕ تەنیا لەسەر دامەزراوە سەربازییەکان کورت نابنەوە؛ شارەکانی ئێران و بەتایبەتی ناوەندە بازرگانی و پیشەسازییەکان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی قەیرانەکەیان پێوە دیارە.

لە ئێستادا ڕاپۆرتەکان لە شار و ناوچەکانەوە باس لە خۆپیشاندانی بەردەوامی کرێکاران و خانەنشینان دەکەن. لە هەمان کاتدا ناڕەزایەتی لە کەرتی نەوت و وزەش بەردەوامە. ئەمە خاڵێکی گرنگە، چونکە مانگرتن و ناڕەزایەتی لە کەرتی نەوت و پیشەسازیدا دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆر گەورەتر لە خۆپیشاندانێکی ئاسایی سەر شەقام لێ بکەوێتەوە، بەڵام ئەمە هێشتا بە مانای ئەوە نییە کە ڕێژیمی ئێران لە لێواری ڕووخاندایە.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا سیستەمێکی گەورەی ئەمنی و سەربازیی دروست کردووە کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی هەیە. پۆلیس، بەسیج، سوپای پاسداران و دامەزراوە هەواڵگرییەکان هێزێکی گەورەیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەقامەکان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان هەیە.

پرسی سەرەکی بۆ داهاتووی ڕێژیم تەنیا ژمارەی خۆپیشاندەران نییە، بەڵکوو توانای ڕێژیمە بۆ پاراستنی یەکپارچەییی دەزگای دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکان.

ئەگەر ناڕەزایەتییەکان بەرفراوان بن و هێزە ئەمنییەکان یەکپارچە و یەکگرتوو بمێننەوە، ڕێژیم ڕەنگە بتوانێت دووبارە بەرەنگاری قەیرانەکە ببێتەوە؛ بەڵام ئەگەر خۆپیشاندانەکان لەگەڵ مانگرتنی بەرفراوانی کرێکاران، کارمەندان، بازاڕییەکان و کەرتی نەوت تێکەڵ ببن و لە هەمان کاتدا ناکۆکی لە نێو دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکاندا دروست ببێت، ئەوکات بارودۆخێکی بە تەواوی جیاواز دێتە ئاراوە؛ لە وەها دۆخێکدا بۆ ڕێژیم، تەنیا کۆنتڕۆڵکردنی شەقامەکان نابێتە کێشە، بەڵکوو پرسی سەرەکی پاراستنی خودی سیستمەکە دەبێت.

ڕێژیمە خۆسەپێنەکان زۆرجار لە کاتێکدا ڕووبەڕووی مەترسیی ڕووخان دەبن کە هێز و دەزگاکانیان لە نێوخۆوە دەست بە داڕمان دەکەن. ئەگەر بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان لە جێبەجێکردنی فەرمانەکاندا دوودڵ بن، یان بەشێک لە دامەزراوەکانی دەسەڵات هەست بەوە بکەن کە بەردەوامبوونی شەڕ و قەیران مەترسییەکی گەورەترە لە گۆڕینی سیاسەت، ئەوکات هاوسەنگیی هێزەکان دەتوانێت بە خێرایی بگۆڕێت.

لە ڕاستیدا هەندێک نیشانەی ئەم گوشار و قەیرانە سیاسییەش لە کۆماری ئیسلامیدا دەرکەوتووە؛ هەندێک لە بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ ڕزگارکردنی ئابووریی ئێران هەوڵێکی زۆر دەدەن. لە هەمان کاتدا دەسەڵات بەردەوام هۆشداری دەدات کە خەڵک دەبێت لەهەمبەر بارودۆخی شەڕ و گوشارە دەرەکییەکان خۆڕاگر بن.

ئەمە دەتوانێت نیشانەی ئەوە بێت کە قەیرانی شەڕ بۆ نێو خودی دەسەڵاتیش بووەتە کێشەیەکی سیاسی و تەنیا وەک کێشەیەکی سەربازی چاوی لێ ناکرێت.

لە هەمان کاتدا، نابێت کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر هەستی نەتەوەیی و بەرگریی خەڵکی ئێران نادیدە بگیرێت. هەرچەند لە حاڵەتی ئاساییدا حکوومەت لە کاتی هێرشی دەرەکیدا دەتوانێت بە شێوەیەکی کاتی هەستی بەرگری و یەکگرتوویی نەتەوەیی بە قازانجی خۆی بەکار بهێنێت، بەڵام خەڵکی ئێران، جگە لەو تاقمەی کە ژیان و بەرژەوەندیی خۆیان لە مانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەبینن، نەک هەر پشتیوانیی حکوومەت ناکەن، بەڵکوو زۆر بە ئاواتی ڕووخانی ڕێژیمەکەوەن.

ئەگەر ئەم شەڕە هەروا درێژەی پێ بدرێت و لە هەمان کاتدا ئابووری بەرەو تێکچوونی زیاتر بڕوات، هەستی یەکگرتوویی تاقمە لایەنگرەکەش جێگەی خۆی دەداتە ناڕەزایەتی و پاڵپشتی لە بزووتنەوەی خەڵک؛ بە واتایەک ئەم شەڕە دەتوانێت یەکگرتوویی نێو سیستەم لاوازتر بکات و دەسەڵات بەرەو قەیرانی گەورەتر و لە کۆتاییشدا بەرەو ڕووخان بەرێت.

ئەمەی ئێستا لە ئێراندا ڕوو دەدات، قەیرانێکی زۆر گەورەی ئابوورییە کە بەهۆی شەڕ و گەمارۆکانەوە توانای دابینکردنی بژێوی ژیانی لە حکوومەت سەندووەتەوە. کۆماری ئیسلامی لە لایەک دەبێت تێچووەکانی شەڕ دابین بکات و، لە لایەکی دیکەشەوە دەبێت خەڵکێک کە توانای کڕینیان بەردەوام دادەبەزێت ڕازی ڕابگرێت؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی پێشینەی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ چەندین شەپۆلی ناڕەزایەتیی گەورەدا هەیە و ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسییەکی گەورە بۆ داڕمانی حکوومەتەکەی.

گرانیی بەنزین لەنێو ئەم بازنەیەدا دەتوانێت تەنیا یەک بەش لە قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی بێت، بەڵام ئەو بەشە دەتوانێت وەک چەخماخەیەکی بەهێز هەژمار بکرێت.

ڕێژیمی ئێران هێشتا هێزی کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتەکەی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا لەگەڵ کۆمەڵێک گوشاری گەورەدا ڕووبەڕووە کە هەر یەکێکیان بە تەنیا دەتوانێت قەیرانێکی سیاسی دروست بکات، بەتایبەتی کاتێک هەموویان لە یەک کاتدا کۆ ببنەوە.

شەڕ، قەیرانی ئابووری، هەڵاوسان، کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، قەیرانی سووتەمەنی، لاوازبوونی توانای کڕین و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی، هەموویان بەردەوام گوشار دەخەنە سەر پایەکانی ڕێژیم.

ئەگەر ئەم گوشارانە لەگەڵ خۆپیشاندانی بەرفراوان، مانگرتنی نیشتمانی و داڕمانی نێوخۆی دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکاندا کۆ ببنەوە، ئەوە دۆخەکە دەتوانێت بە خێرایی بگۆڕێت و ڕووخانی ڕێژیم لە ئەگەرێکی سیاسییەوە بگۆڕێت بۆ واقیع.

ئێران لە بارودۆخێکدایە کە لەوانەیە یەک چەخماخەی بچووک، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی گەورەی بکاتەوە و خۆی ببێتە دەستپێکی گۆڕانێکی گەورەی سیاسی و ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.