کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بە ٥٣ زیندانی، دووەم وڵاتی جیهان لە زیندانیکردنی نووسەرانە

09:17 - 23 بانەمەڕ 2726

بەپێی پێوەرەکانی ئازادیی نووسینی "ئەنجومەنی قەڵەمی ئەمریکا" لە ساڵی ٢٠٢٥دا، ئێران بە هەبوونی ٥٣ نووسەری زیندانیکراو، کە زۆرترین ڕێژەی ژنانی نووسەری زیندانی لە ئاستی جیهاندا لەخۆ دەگرێت، دوای وڵاتی چین لە پلەی دووەمی جیهاندا جێگیر بووە.

ئەم ئەنجومەنە لە ڕاپۆرتەکەیدا نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی سەرکوتی نووسەران لە ئێران دەربڕی و دەڵێت ژمارەی زیندانییەکان لە ٤٣ کەسەوە بۆ ٥٣ کەس بەرز بووەتەوە، کە ٣٢ لەسەدیان ژنن و ئەمەش دوو هێندەی تێکڕای جیهانییە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕێژەی دەسبەسەرکردنی نووسەران لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ ئەمەش بەهۆی سەرکوتکردنی دەربڕینی بیروڕای ئاشتییانە و ڕەخنەگرتنە لە بەرپرسان، بەتایبەت دوای خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و شەڕی ٢٠٢٥.

زۆربەی دەسبەسەرکراوان ڕووبەڕووی تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ئەمنییەتی میللی" بوونەتەوە کە سەرچاوەکەی تەنیا بۆ دەربڕینی ئاشتییانەی بیروڕاکانیان دەگەڕێتەوە.

بە گشتی، ئەم پێوەرە ٤٠١ نووسەری زیندانیکراوی لە ٤٤ وڵاتی جیهاندا دەستنیشان کردووە، کە تێیدا چین بە ١١٩ حاڵەت، هێشتا وەک گەورەترین زیندانی نووسەران لە جیهاندا ماوەتەوە.