عەرەبستان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "تووڕەیی حەماسی" زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی نهێنیی کردووەتە سەر هەندێک بنکە و بارەگای کۆماری ئیسلامی لە نێو خاکی ئێراندا.
هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکی تایبەت و لەزاری چەند بەرپرسی ڕۆژاواییەوە ڕایگەیاند عەرەبستان لە شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئێران و ئەو هێرشانە لە سەرەتای مانگی خاکەلێوە و وەک وڵامێک بۆ هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە ئەنجام دراون.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە عەرەبستان، کۆماری ئیسلامیی لەو هێرشانە ئاگادار کردووەتەوە و پاش هەرەشەی عەرەبستان بۆ وڵامدانەوەی زیاتر، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە کەم بوونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، ئیماراتیش هاوشێوەی ڕیاز هێرشی کردووەتە سەر ئێران، بەڵام عەرەبستان هاوکات کەناڵە دیپلۆماسییەکانیشی بەکار هێناوە تا بگەنە تێگەیشتنێکی نافەرمی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستی گشتی، عەرەبستان لە ماوەی تەنیا یەک حەوتوودا بەرەوڕووی ١٠٥ هێرشی مووشەکی بووەوە کە زۆربەیان لە ڕێگەی گرووپە نیابەتییەکانی تاران لە عێراقەوە ئەنجام درابوون.
ئەم وڵامدانەوە سەربازییەی ڕیاز نیشانەی گۆڕانی ستراتێژیی وڵاتانی کەنداو بەرامبەر بە هەڕەشەکانی سپای پاسدارانە کە ئێستا لە جیاتی بێدەنگی، پەنا بۆ هێرشی پێچەوانە لە ناو جەرگەی خاکی ئێراندا دەبەن.