لە بەرەبەری دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا، ڕێکارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەمنییەتی و بەسەربازیکردنی کەشی قوتابخانەکان زیادی کردووە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بەشداریپێکردنی منداڵان لە بەرنامە سەربازییەکان، پەرەپێدانی چالاکییەکانی بەسیجی قوتابییان و ڕاهێنانی سەربازی لەنێو قوتابخانەکاندا دەکەن.
لە هەندێک لە قوتابخانەکانی بەندەرعەباسدا، داوا لە بنەماڵەکان کراوە کە قوتابییان بە پلاکی ناساندنی هاوشێوەی پلاکی شەڕەوە ڕەوانەی قوتابخانە بکەن.
هاوکات بەسیجی قوتابییان پڕۆژەی "یاوەرانی ویلایەت"ی بۆ پێگەیاندنی هەزاران "فەرماندەی قوتابی" خستووەتە گەڕ.
سپای پاسداران و بەسیج لە تاران مانۆڕی "فیداکارانی ئێران"یان بەڕێوە برد کە دیمەنەکانی نیشانی دەدەن منداڵان و مێرمنداڵان تێیدا بەشدارییان هەبووە.
دامەزراوە پیشەییەکانی مامۆستایان ئەم پرۆسەیەیان مەحکووم کردووە و لەسەر پەرەپێدانی توندوتیژی و ئیدیۆلۆژی دەسەڵات لە نێوان منداڵاندا هۆشدارییان داوە.
کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی دواییدا بە بەرفراوانکردنی ڕاهێنانی سەربازی و چالاکی ئیدیۆلۆژی لە قوتابخانەکاندا، منداڵان و مێرمنداڵانی زیاتر لە پێشوو هێناوەتە نێو بەرنامە سەربازی و پڕوپاگەندەییەکان؛ پرۆسەیەک کە کەشی قوتابخانەکانی لە ژینگەیەکی پەروەردەییەوە گۆڕیوە بۆ مەیدانێک بۆ پەرەپێدانی کولتووری سەربازگەریی و وەفاداریی ئیدیۆلۆژی بۆ دەسەڵات.