
عەلی لەیلاخ
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، کوردستانە کۆڵنەدەرەکەمان، هاوشێوەی ٢١ی خەرمانانی هەشت ساڵ لەمەوبەر، لە مانگرتن و بێدەنگییەکی ماناداردا، پەیام و دەنگی خۆی سەرلەنوێ بە گوێی جیهاندا دا.
بانگەوازی مانگرتنی گشتیی ئەمجارەی کوردستان لە کاتێکدا بوو کە هەم چوار ساڵ بەسەر شۆڕشی «ژینا» و شەهیدانی ئەم ڕاپەڕینەدا تێپەڕیبوو، هەمیش بەهۆی دڵەڕاوکێ و لێکەوتەکانی شەڕی ئێران و ئەمریکاوە، چاوەڕوانییەکی ئەوتۆی لێ نەدەکرا لە ئاستێکی بەرفراواندا بەڕێوە بچێت. بەڵام خەڵکی تێکۆشەری کوردستان جارێکی دیکەش سەلماندیان کوردستان، جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی ئێران، هەمیشە خاوەن ماتەوزەی خەبات و هێزی مەدەنییانەیە. ئەو کۆمەڵگە وشیارە زۆرجار بە هەڵوێست و ڕەفتاری خۆیان، ژیرانەترین دەربڕینی سیاسییان هەبووە، کە نموونەی هەرە نزیک و بەرچاوی، مانگرتنی گشتیی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان بوو.
ئەو مانگرتنە کە لەلایەن هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانەوە بانگەوازی بۆ کرابوو، لە ڕۆژی دیاریکراودا، واتە دوێنێ چوارشەممە ٢٥ی خەرماناندا بەشکۆوە بەڕێوە چوو. ئەویش لە کاتێکدا کە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو بانگەوازە، ناوەندە ئەمنییەکان یەکەم لایەن بوون بە جدی وەریانگرت و بە سەپاندنی هێز و میلیتاریزەکردنی زۆربەی هەرە زۆری شار و ناوچەکانی کوردستان، ویستیان ڕێگری لە سەرگرتنی ئەو بانگەوازە بکەن. بەڵام ئەوەی بینیمان، سەرلەنوێ پشتکردنی کوردستان بوو لە دەسەڵاتی سەرکوتگەری تاران و هەر بەو شێوەیەی لە دروشمەکاندا هاتبوو، «نا گوتنەوەیەک»ی دووبارە و مانادار بوو بە دیکتاتۆری.
بەرچاوترین پەیامی هەر هەرەوەزێکی کۆمەڵایەتی، پەیامێکە بۆ دەسەڵات؛ کەواتە خەڵکی کورد جارێکی دیکە بەو ڕەفتارە ژیرانە و سەردەمیانەیان بە کۆماری ئیسلامییان گوت کە: نە مل بە زۆرملی و زۆرداری نەوی دەکات و نە زام و برینە مێژووییەکانی لەبیر دەچنەوە.
پەیامێکی دیکەی ئەم مانگرتنە زیندووبوونی کۆمەڵگەی کوردستان بوو. سەرەڕای ئەو قەیران و مەینەتییانەی کۆماری ئیسلامی لەباری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بەسەر ئەو خەڵکەی هێناوە، هەم دیسان بە زیندووییەوە پێشانی دایەوە، کە لە ئاستی ئێراندا پێشەنگی خەباتی جەماوەرییە.
پەیامێکی دیکەی مانگرتنی ئەمجارە واتە ٢٥ی خەرمانان، سنووربەندیی سیاسییانە بوو لەگەڵ سیاسەتی خۆفەرزکردن و مەزنخوازییەکان، جا چ دەسەڵاتی ئێستا بێت یان هەر شێوە ڕوانینێکی هاوشێوە لە داهاتوودا. جێی خۆیەتی لەمڕۆوە ئەم ڕووداوە گرنگە زیاتر شی بکرێتەوە و لایەنە سیاسییەکان بە پشتبەستن بەو دەستمایە مرۆیی و مەعنەوییە، لە گۆڕەپانی سیاسەتدا بوێرتر و وردتر جووڵەی سیاسییان هەبێت.
پەیامێکی دیکەی مانگرتنی ٢٥ی خەرمانان لە هەلومەرجێکی هەستیاری ئاڵەنگارییەکانی بەردەم پرسی سیاسیی کوردستان ئەوە بوو کە هەم «قائیم بە زات»ە و هەم نامۆیە لەگەڵ هەر جۆرە فاکتێکی بێگانە لەگەڵ ڕەوتی خەبات و مێژووی ئەو پارچەیە. ئەوان هاوکات کە دەرفەتێکی زێڕینن بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ گەلانی دیکە، بەڵام بە خوێن و خەباتی خۆیان جیاوازیی کولتوور و چییەتیی ویستە سیاسییەکانی خۆیانیان پاراستووە. هەر بۆیە لە دەرفەتێکی دیکەدا بەناوی ٢٥ی خەرمانان بۆ یاد و ڕێزگرتن لە خەرمانی زامەکانی نیشتمان، هەم «دەرفەتبوونی» خۆیانیان بۆ ژیانی مەدەنییانە سەلماندەوە، هەم بە تۆخی سنوورە سیاسی و خواستەکانی خۆیانیان دیاری کرد.
لە ڕاستیدا ئەو مانگرتنە بەرزترین پەیامەکەی ڕوو بە لایەنە سیاسییەکان بوو کە داوای مانگرتنیان کردبوو، کە ئەویش وەڵامی شیاوە! نۆرەی ئێوەیە زیاتر ڕێز لەو یەکگرتووییەی شەقامی کوردی بگرن کە زامنی هەر جۆرە سەرکەوتنێک هەر ئەو یەکڕیزی و پێکەوەبوونەیە و «بەرژەوەندیی نەتەوەیی» لە سەرووی هەموو سیاسەتێک بێت.
ئەگەرچی کوردستان و پرسەکانی تایبەت بە کوردستان زۆرجار لەلایەن میدیا غەیرەکوردەکانەوە پەردەپۆش دەکرێت، بەڵام پێکەوەبوونمان سەلماندی کە سەرەڕای نادادپەروەریی ڕاگەیاندن کە هەیە، ئەگەر ئێمە پێکەوە دەنگێکی «ڕەسا» بین، ئەوانیش ناچارن باسمان بکەن.
ڕاستییەکە ئەوەیە خەڵکی کوردستان دیسانەوە بە بەشداریی بەشکۆیان لە مانگرتنەکەدا، وەک ڕیفراندۆمێکی سەرکەوتوو لە هەموو ناوچەکانی کوردستان، سەلماندیان کە چاوسوورکردنەوە و هێزهێنان و دەستبەسەرکردن و تۆقاندن، نیشانەی هێز و شکۆمەندی نییە، بەڵکوو ڕێک بە مانای ترس، دڵەڕاوکێ و ئەژنۆلەرزۆکیی شەرعییەتییەتی. ئەوان بە ڕۆڵەکانی خۆیان گوت «بەڵێ» و بە نەیارانی خۆسەپێنەریان گوت «نا». وەرگرتنی ئەم «بەڵێ» و «نا» گوتنەی شەقام و کاری پێکردنی ژیرانە، بێگومان ئەرکی سەرەکیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و پتەوکردنی گیانی «هاوپەیمانی»یە.
دواجار، ناکرێ لەو سەرکەوتنەدا لەسەر هێڵ بوون و ڕاستگۆیی کوردکاناڵ و پلاتفۆرمەکانی دیکەی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات بە ماندووبوونی ناوەندی تەشکیلاتی ئەم حیزبەوە نادیدە بگیرێت لە نواندنی ڕاستییەکان و خۆدوورگرتن لە پروپاگەندە و وەشانی ناڕاست.