ئێوارەی ڕۆژی پینجشەممە، ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٥، کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە پێکهاتەی تەشکیلاتیی حیزب، وێبنارێکی بۆ یادی ٣٤ ساڵەی تێرۆری میکۆنۆس لە پلاتفۆرمی زووم بۆ بەڕێز حەمەساڵح قادری بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێكهێنا.
وێبنارەکە بە ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی مانگی خەرمانان دەستی پێکرد.
پاشان محەممەد سلێمانی ئەندامی کۆمیتەی وڵات و بەڕێوەبەری وێبنارەکە، وێڕای بەخێرهاتنی بەڕێز حەمەساڵح قادری و بەشداران، کورتەیەک لە ژیان و بڕگەکانی خەباتی سیاسیی بەڕێزیانی پێشکەش کرد.
بەڕێز قادری سەبارەت بە ڕۆڵ و کاریگەریی دوکتۆر سەعید لەنێو بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕشگێڕی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قسەی کرد و تیشکی خستە سەر تایبەتمەندییە بەرزەکانی د. شەرەفکەندی وەک ڕێبەرێکی بوێر، خاوەن بڕیار و هەڵوێست لە ڕوو. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتی دیالۆگ، لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتەکاندا، بەوردییەوە بیرۆکە و هەڵوێستە سیاسییەکانی حیزبی ڕوون دەکردەوە و بە شەرمێونییەوە بەشداریی بابەت و پرسە سیاسی، تەشکیلاتی و مێژووییەکانی پەیوەست بە جووڵانەوەی سیاسیی گەلی کوردی نەدەکرد و لە پەیوەندەییەشدا زۆر لێبڕاو بوو.
ناوبراو لە بەردەوامیی باسەکەیدا ئاماژەی بە تایبەتمەندییەکانی د.شەرەفکەندی کرد و ڕایگەیاند کە ئەو ڕێبەرێک بەمانای وشە لێهاتوو، لە ئەخلاق و کرداری سیاسی و تەشکیلاتیدا بێهاوتا و لە بڕیاردانی سیاسی و پاراستنی سەربەخۆی سیاسیدا، بوێر و قایم بوو.
هەروەها د. شەرەفکەندیی وەک مرۆڤێکی خۆنەویست، خاکەڕا و تا سەر ئێسقان خەباتگێر، و ناسیۆنالیزمی دێموکرات و بەبڕشت لە داکۆکیکردن لە ماف و تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد ناساند.
بەڕێز قادری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. شەڕەفکەندی بە نموونەی خەباتگێڕ و تێکۆشەرێکی دیاری کورد ناو برد و لە نێوئاخنی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پاش تێرۆرکردنی د. قاسملوو، نەیهێشت تۆزی ناومێدی بەسەرماندا بنیشێ. قسە و گوتاری سیاسیی ئەو لەلایەن دۆستان و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەکانەوە بە هەند وەردەگیرا و وەک مرۆڤێکی کرداری و ڕێبەرێک لە ڕۆژە سەخت و دژوارەکانی خەباتدا ناسراو بوو.
حەمەساڵح قادری لە کۆتایی باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە د. شەرەفکەندی ڕێبەرێکی بەئەزموون، زانا، بیرتیژ و ڕووناکبیر بوو؛ خاوەنی خوێندنەوەیەکی قووڵ و جەوهەری لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و مێژووییەکانی جیهان بوو. هەروەها خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێز و پێنووسێکی کاریگەر بوو و دەیان وتاری سیاسی و مێژوویی لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی حیزبدا بڵاو کردووەتەوە. جگە لەوەش، پەرتووکێکی لەسەر جووڵانەوە و ڕووداوە مێژووییەکانی کورد چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
پاش نزیک بە دوو کاتژمێر باس و پرسیار و وڵام، وێبنارەکە کۆتایی پێهات.