کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠٠ ناڕازی لە ١٣ پارێزگای ئێران مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە

11:50 - 28 خەرمانان 2726

ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئێران بڵاوی کردەوە کە لانیکەم ١٠٠ دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە ١٣ پارێزگای ئێران ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە و ئەگەری زۆرە لە داهاتوویەکی نزیکدا سزاکانیان جێبەجێ بکرێت.

بەپێی پێڕستی ١٠٠ کەسیی دەسبەسەرکروانی مەحکووم بە سێدارە، دوای ئێسفەهان، ٢٢ کەس لە پارێزگاکانی تاران و ئەلبۆرز، ١٠ کەس لە فارس، ٧ کەس لە خۆراسانی ڕەزەوی، ٥ کەس لە مەرکەزی، ٣ کەس لە یەزد و ٢ کەس لە سێمنان تۆمار کراون.

هەروها لە پارێزگاکانی خۆراسانی باکوور، گیلان، ئەردەبێڵ، ئیلام و قەزوین هەر کامە و یەک بەندکراو ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە.

ئەم ڕێکخراوە جەخت دەکاتەوە کە ئەم پێڕستە تەنها ئەو ناڕازییانە دەگرێتەوە کە لە قۆناغی سەرەتاییدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئێران ڕایگەیاند کە هەرچەندە ناڕەزایەتییەکان لە سەرجەم ٣١ پارێزگای ئێران بەڕێوە چووبوون، بەڵام دۆسییەی بەڵگەمەند تەنها پەیوەندیان بەو ١٣ پارێزگاوە هەیە و ئەم ١٠٠ حاڵەتە تەنها بەشێکی بچووک لە کۆی گشتیی مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکان پێکدەهێنێت.

لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی ناڕازییان و زیندانییانی سیاسی لە ئێران لەکاتێکدا پەرە دەستێنێت کە دەسەڵاتی بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ، بێبەشکردنی درێژخایەن لە مافی پارێزەر و ڕەوتی نادادپەروەرانەی دادگاییکردنی کردووەتە ئامرازێک بۆ سەرکوتی زیاتر.

 ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بەردەوام هۆشدارییان داوە کە خێراکردنی ئەم پرۆسەیە ئامانجێکی سیاسی بۆ دروستکردنەوەی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەی لەپشتە، تاکوو لەو ڕێگەیەوە ڕێگری لە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی دیکەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بکات.