لە درێژەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، چ لە ڕەوتی مانگرتنی گشتیی ڕۆژی چوارشەممە و چ دوای ئەو ناڕەزایەتییە مەدەنییە، ٦ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی کامێران دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ۲٦ی خەرمانان، لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتی و مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری کامێران شەش کەسی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کردووە.
ئەو ٦ هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە بریتیین لە: حیسام عەبدینیا، خەڵکی ئاوایی گازرخانی و دانیشتووی شاری کامێران، یاسر حوسێنی، خەڵکی ئاوایی لۆنسادات و دانیشتووی شاری کامێران، ئارەزوو دەشتی، هاوسەری حیسام عەبدینیا، شاپوور عەبدینیا، خەڵکی ئاوایی گازرخانی و دانیشتووی شاری کامێران و پەیام باقری، دانیشتووی شاری کامێران و موحسین ئەسەدی خەڵکی کامێران.
دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە لە چوارچێوەی ئەو ڕەوتە ئەمنییەدا بووە کە بۆ ڕێگری لە بەشداریکردنی خەڵک لە مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان و ٤ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی ئەنجام دراوە و لەو دەسبەسەرکراوانە، ئارەزوو دەشتی، شاپوور عەبدی نیا و پەیام باقری، دوای شەوێک ڕاگیران، بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام چارەنووسی حیسام عەبدینیا، یاسر حوسێنی و موحسێن ئەسەدی هێشتا ڕوون نییە.
شایانی باسە چەندین هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی شنۆ، دیواندەرە، مەهاباد و شارەکانی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان، لەسەر بانگەوازی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران مانگرتنی گشتی ڕاگەیەندرا و سەرەڕای مێلیتارێزەکردن و هەڕەشەی ناوەند و ئیدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە خەڵکی کوردستان، زۆربەی شارەکانی کورستان لەو مانگرتنەدا بەشدار بوون.