ئەگنس کالامار، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی دەستپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، داوای لە شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد دۆسییەی پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بەمەبەستی بەدواداچوونی یاسایی ئاراستەی داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکات.
ئەگنس کالامار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژەدان بە ڕاپۆڕتێکی نوێ و ١١٠٠ لاپەڕەیی ڕێکخراوەکەی لەسەر سەرکوتی خوێناوی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ و ڕووداوەکانی دوای ئەوە، جەختی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕەوتی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکاندا "تاوان دژ بە مرۆڤایەتی" ئەنجام داوە.
کالامار بە ئاماژەدان بە ڕەوتی درێژخایەنی بێسزا مانەوەی تاوانباران لە پێکهاتەی سیاسی و دادوەریی ئێراندا، داوای لە داواکارانی گشتی لە سەرانسەری جیهاندا کرد لێکۆڵینەوە لەسەر پلەدار و بەرپرسانی تێوەگلاو لە سەرکوتەکاندا بکەن و بڕیاری دەسبەسەرکردنیان بۆ دەربکەن.
سکرتێری گشتیی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە سپای پاسداران و فەرماندەیی ئینتیزامی، دوو هێزی سەرەکیی دەسەڵات لە ئەنجامدانی ئازار، ئەشکەنجە، دەستدرێژی و ڕفاندنی زۆرەملێدا بوون، بەڵام جەختی کردەوە بەرپرسیارێتییەکە تەنیا لەسەر بکەرانی مەیدانی نییە، بەڵکوو تەواوی زنجیرەی فەرماندەیی کۆماری ئیسلامی دەگرێتەوە.
کالامار هەروەها ئاماژەی بە ڕەوشی سەختی هاووڵاتییانی ئێران کرد کە لە نێوان سەرکوتی نێوخۆیی و پەرەسەندنی گرژییە سەربازییە ناوچەییەکاندا گیریان خواردووە و هۆشداریی دا کە بێدەنگیی شۆرای ئەمنییەت بووەتە هۆی بەردەوامیی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان و تەشەنەسەندنی بەرچاوی تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران.