ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی بەربڵاوی سزاکانی بە مەبەستی زیادکردنی گوشاری ئابووری لەسەر ڕووسیە و قورسکرکردنی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پەسەند کرد و ئاراستەی کۆشکی سپیی کرد تا لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە واژۆ بکرێت.
ئەم پڕۆژەیاسایە کە بە "یاسای سزاکانی ڕووسیە و ئێرانی لیندزی گراهام ٢٠٢٦" ناسراوە، لە ئەنجومەنی نوێنەران بە ٢٦٢ دەنگی ئەرێنی لە بەرانبەر ١٥٩ دەنگی نەرێنی پەسەند کرا.
پڕۆژەکە پێشتر لە ئەنجومەنی سێنا بە دەنگیی زۆرینە پەسەند کرابوو و دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاش پشتیوانیی خۆی لەو پرۆژەیە ڕاگەیاندبوو.
یاساکە بەشەکانی وزەی ڕووسیە و ئەو وڵاتانە دەکاتە ئامانج کە نەوت و گازی مۆسکۆ دەکڕن؛ ئەو داهاتەی کە تاران و مەسکۆ بۆ دابینکردنی دارایی شەڕی ئۆکراین بەکاری دەهێنن.
هاوکات دەسەڵاتی فراوان دەداتە سەرۆککۆماری ئەمریکا تا باجی قورسی گومرگی بەسەر چین، هێند و وڵاتانی دیکەدا بسەپێنێت تا بەکارهێنانی نەوتی ڕووسیە کەم بکەنەوە و هەروەها سزای نوێ بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بسەپێنێت.
داڕێژەری ئەم پڕۆژەیاسایە سێناتۆر لیندزی گراهام بوو کە وەک یەکێک لە پاڵپشتیکارانی بەهێزی ئۆکراین لە کۆنگرە دەناسرا.
گراهام ئاماژەی بەوە دابوو کە ئەم پڕۆژەیە دەسەڵاتێکی زۆر دەداتە کۆشکی سپی تا ڕێگری لە کڕینی نەوتی هەرزانی ڕووسیە بکات کە سەرچاوەی دارایی شەڕی پووتینە.