
سمایل شەرەفی
لەسەر داوای حیزبەکان و لە چوارەمین ساڵیادی دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژینادا، کوردستان ئەکت(ڕەفتار)ێکی دیکەی جەماوەریی لە خۆی نیشاندا.
مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان لە ۲٥ی خەرمانانی ئەمساڵ و لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستاندا، بۆ جارێکی دیکە سەلماندی کە؛ کوردستان خاوەندارێتی لە پرسەکانی خۆی دەکات، کۆمەڵگە لەسەر هەست و زیندوویە، سیاسەتی سەرکوتی سیستماتیکی ڕێژیم نەزۆک و ژەنگاوییە، حیزبەکان جێی هیوا و متمانەی کۆمەڵگەن و یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەمیشە هەوێنی سەرکەوتنە.
لە ڕاستیدا ڕەساڵەتی مانگرتنەکەش هەر بۆ گەیاندنی ئەو پەیامانە بوو؛ پەیامێک ڕوو بە دوژمن کە بزووتنەوەی ژینا و بەگشتی بزووتنەوە گەورە مافخوازانەکەمان هەروا لەسەرپێ و بەردەوامە و هەوڵەکانتان بۆ لەپێخستنمان نەزۆک و فاشلن، پەیامێک ڕوو بە حیزبەکان کە جێی متمانەی کۆمەڵگەن و پێکەوەبوونتان هیوابەخشە و، پەیامێک ڕوو بە دۆست و دوژمن کە کوردستان خاوەنی هێز و پۆتانسێلگەلی قووڵ و بەرینی خەباتکارانەی خۆیەتی.
بەڵام ئەوەی دوای ئەم ئەکت و ڕەفتارە مانادارە جەماوەرییە مەدەنییەی خەڵکی کوردستان گرینگ و جێی بایەخپێدانە، جۆری بەدەستمایەکردنیەتی لە پێناو بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستاندا. ئەرکێک کە دەکەوێتە سەرشانی حیزبەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، نووسەران، ڕووناکبیران و ئەدیبان و میدیاکاران و گشت چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان کە بتوانن هەرکام بەشی خۆی لەم دەستمایە عەزیمە هەڵکڕێنێ و کاری لەسەر بکات.
ئەوەی لێرەدا زیاتر سەرنج دەخرێتەسەر، ئەرکی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانە لەبۆ ئەوەی چۆن لەم سەرمایە جەماوەرییە هەرکام لە بواری کار و چالاکییەکانی خۆیاندا کەڵک وەربگرێت.
گەیاندنی پەیامەکانی مانگرتنە گشتییەکەی ۲٥ی خەرمانان بەو شوێنانەی پێویستە گوێیان لێ بێت و لێی تێبگەن، ئەرکی حیزبەکانە. پێویستە کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییە پێوەندیدارەکان بە پرسی ئێران و کوردستان، بزانن کە کوردستان خاوەنی چ هێز و ئیستعدادێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە نادیدەگرتن و پشتگوێخستنی لە هاوکێشە سیاسییەکانی داهاتوودا چ خەتایەکی گەورەیە. پێویستە کۆڕ و کۆمەڵە ئێرانییەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات کە لە زۆریاندا حیزبەکان حزووری بەرچاویان هەیە و هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆ، دەرک بە لێبڕاوبوونی کوردستان لە خەبات و لەسەرپێبوون و ڕژدبوونی کورد لەسەر ماف و داخوازییە نەتەوەییەکانی بکەن و تێبگەیەندرێن کە بزووتنەوەی کوردستان چ قورساییەکی کرداری و ڕێکخستنێکی بەهێزی جەماوەریی لەپشتە. پێویستە حیزبەکانی کوردستان پشتقایم بەم دەستمایە مەزنە سیاسییەوە لەگەڵ ڕەقیبەکان بێنە گۆ و پشتئەستوور بەم پشتیوانییە کردارییەی خەڵکی کوردستان، نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پرسی سیاسیی کورد بکەن.
حیزبەکان دەبێ بە قووڵی لە ماناکانی ئەم جوابوەرگرتنەوانەیان لە خەڵک تێبگەن کە کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و زیندوو، وەک چۆن بەرانبەر بە داواکارییە یەکگرتووەکانیان ئامادەن بە بێ گوێدان بە هەرچەشنە هەڕەشەیەکی دەسەڵاتی خۆسەپێن ئیرادە بنوێنێ، لە ئاست کەمایەسی و هەڵە و پەڵەکانیشیاندا چاوکراوە و خاوەن هەڵوێستن.
کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان کە لە بیچمدانی ئەم جۆرە لە ڕەفتاری مەدەنی و جەماوەریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا ڕۆڵی بەرچاوی ڕێکخراوەیی و ڕۆشنگەرانەی هەبووە، لایەکی دیکەی بەدەستەوگرتنی ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتییەیە. ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان کە توانیویانە ببنە جێی متمانەی کۆمەڵگەی کوردستان و هێز و وزە لە کۆمەڵگە وەردەگرن، ئەرکی سەرشانیانە کە لەپێناو هۆشیاری و بەهێزکردنی کۆمەڵگەدا، پەرە بە چالاکییەکانیان بدەن، ئاستی بەشداریی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە بزووتنەوەی شوناسخوازانەدا کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا ڕەوتێکی باشی پێواوە، بەهێزتر بکەن.
بانگەواز و داوای حیزبەکان لە خەڵک بۆ مانگرتن و، بەڕێوەچوونی مانگرتنە گشتییەکەی ۲٥ی خەرمانان، پێوەندییەکی زیندووی دیالکتیکیی نێوان بزووتنەوەی سیاسیی کورد و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کە کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان وەک بەشێک لەم دووانە لێکدانەبڕاوە دەتوانێ لە بەهێزترکردنی ئەم پێوەندییەدا ڕۆڵی قووڵتر بگێڕێ. ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان بە پێوەندیگرتن لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنیی کۆمەڵگەکانی دیکەی ئێران و نەتەوەکان، پێویستە لەسەر بنەمای نێوەڕۆک و ماهییەتی سیاسی، مەدەنی و مافخوازانەی ئەم جۆرە ڕەفتارانەی خەڵکی کوردستان بکەونە دیالۆگ و پیلانی دوژمن لەسەر لێکترازانی ئەم کۆمەڵگە هاوبەشانە پووچەڵ بکەنەوە.
ئەوەی ڕۆڵ و پێگەی حیزبەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی دیاری دەکات، ئەکت و ڕەفتار(پشتیوانی)ی کۆمەڵگەیە؛ کۆمەڵگەی کوردستان لە ۲٥ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاویدا بە بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی، بۆ جارێکی دیکە ئەم ئێعتبارەی پێ بەخشینەوە.
بۆیە ئێستا نۆرەی ئەوان (حیزبەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی)یە کە لەم دەستمایە جەماوەرییە لە پێناو بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی کوردستاندا ئەرک و ڕەساڵەتی خۆیان بەڕێوەبەرن.