کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندام و پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات لە بانە

16:20 - 25 خەرمانان 2726

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، حاجی ڕەحمان سەلیمی ڕەشەقەڵات ئەندام و پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی نەخۆشییەوە، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا لە شاری بانە کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە ئاوایی ماماڵ، سەر بە دەشتەتاڵی بانە لە دایک بوو، لە کۆڕی نیشتمانپەروەران و شۆڕشگێرانی شاری بانەدا گەورە بووە و وانەی گەلدۆستی پێ وتراوەتەوە.

ناوبراو چ کاتی دوای خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات و چ بە شێوەی چالاکیی نهێنی لە نێوخۆی وڵات، کەسایەتییەکی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و ئەمەگدار و دەروەستی بزووتنەوەی ڕزگاریخوایی کوردستان بوو.

ناوبراو ماوەیەک پێشمەرگە بووە و دواتر لەسەر ئیزنی حیزب گەڕاوەتەوە نێوخۆ و وەک ئەندامێکی هەرەچالاک ئەرکە پێئەسپێردراوەکانی ڕاپەڕاندووە.

ناوبراو تا دوایین هەناسەکانی ژیانی باوەڕی بە خەبات و تێکۆشانی حیزبەکەی لەدەست نەدا و هیوای بە بەسەرکەوتن هەموو کات بەهێز بووە و خەڵکی بۆ نیشتمانپەروەریی زیاتر هان دەدا.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی شاری بانەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.