کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٣٤ەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتۆر سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی

16:35 - 25 خەرمانان 2726

٢٦ی خەرمانانی ئەمساڵ (١٤٠٥)ی هەتاوی ٣٤ ساڵ بە سەر تێرۆری ١٧ی سێپتامبری ساڵی ١٩٩٢ زایینی (٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی)دا تێدەپەڕێت. ڕۆژێک کە دوکتۆر سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی، کاک فەتاح عەبدولی، نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، کاک هومایون ئەردەڵان نوێنەری حیزب لە ئاڵمان و کاک نووری دێهکوردی کەسایەتیی دیار و چالاکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن لە شاری بێرلینی ئاڵمان لە ڕێستۆرانی میکۆنۆس بە دەستی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کران.

تێرۆری دوکتۆر سادق شەرەفکەندی وەک زامێکی گەورە لەسەر جەستەی بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەوتە سەر برینی ساڕێژنەبووەی سەرچاوەگرتوو لە تێرۆری دوکتۆر قاسملوو. بۆیە بە لەدەستدانی دوکتۆر شەرەفکەندی حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد جارێکی دیکە تووشی خەسارێکی زۆر گەورە بوون.

دوکتۆر سادق شەرەفکەندی کەسایەتییەکی ڕووناکبیر، فەرهەنگی و سیاسی بوو، کە لە دانشسەرای عالیی تاران دەرسی خوێندبوو و دوای چەند ساڵ دەرسگوتنەوە لە دواناوەندییەکانی شاری مەهاباد و ورمێ بە هۆی لێهاتووییەوە بۆرسی خوێندن لە دەرەوەی وڵاتی پێ درا و لە وڵاتی فەڕانسە دوکتۆرای شیمیی وەرگرت. هەر لە فەڕانسە لەگەڵ دوکتۆر قاسملوو ئاشنا بوو و بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. دوای گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵات پیشەی مامۆستایەتیی لە دانشسەرای عالی درێژە دا و لە هەمان کاتدا چالاکیی سیاسیی خۆی لە زانکۆکان و لە ژینگەیەکی ئەکادمیکدا بەنهێنی دەست پێکرد. لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران وەک ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران درێژەی بە تێکۆشانی ئاشکرا دا و پاش شەهیدبوونی دوکتۆر قاسملوو، دوکتۆر شەرەفکەندی کە ئەوکات جێگری سکرتێری گشتیی حیزب بوو، بە تێکڕای دەنگی کۆمیتەی ناوەندی وەک سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێردرا.

دوکتۆر شەرەفکەندی لە ماوەی بەرپرسایەتیی بەرزی حیزبیدا نیشانی دا یارێکی بەوەفای دوکتۆر قاسملوویە و ڕێگە نادا ئاواتی دوژمنان بۆ لاوازکردنی حیزبی دێموکرات بێتە دی. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی بەرنامەی بۆ تێرۆری داڕشت و لە ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاویدا و دوای بەشداری لە کۆبوونەوەی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیست لە شاری بێرلینی ئاڵمان لەگەڵ هاوڕێیانی تێرۆر کران.

حیزبی دێموکرات سەرەڕای شەهیدبوونی دوکتۆر شەرەفکەندی بە هۆی جێگیربوونی فەرهەنگی ڕێبەریی بەکۆمەڵ نیشانی دا کە لەگەڵ ئەوەی زامی قورسی شەهیدبوونی ڕێبەرانی هەڵدەگرێ بەڵام ڕێگە نادا دوژمنانی کورد و بزووتنەوەکەی بە ئامانجەکانیان بگەن. بۆیە حیزبی دێموکرات لەسەر ڕێبازی ڕێبەرانی هەر بەهێزەوە لە مەیدانی خەباتی نەتەوەییدا مایەوە.

دوکتۆر شەرەفکەندی کەسایەتییەکی بەهێزی سیاسی، ڕێبەر و بەڕێوەبەرێکی کارامە، وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات و شێلگیر لە خەبات بۆ ڕزگاریی کورد بوو، و هەموو تواناکانی خۆی خستە خزمەت حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە شێوەیەک کە ئاکامی ئەو خۆتەرخانکردنە کاریگەریی قووڵی لە سەر ڕێباز و خەباتی حیزبی دێموکرات دانا.

بە دوای تێرۆری دوکتۆر سادق شەرەفکەندی لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی زۆر هەوڵی دا بەر بە پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی ئەو تێرۆرە بگرێ، بەڵام بە هۆی سەربەخۆیی دەزگای دادوەریی ئاڵمان و بوێریی قازییەکان و هەوڵی بەردەوامی پارێزەرەکانی ئەو دۆسیەیە و بوونی ئیرادەی بەئاکامگەیاندنی ئەو پەروەندەیە، سەرئەنجام دادگای بێرلین -کە بە ناوی میکۆنۆس ناوبانگی دەرکردبوو- دوای چەند ساڵ لێکۆڵینەوە لە ٢١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی (١٠ی ئاوریلی ١٩٩٧ی زایینی) حوکمی کۆتایی خۆی ڕاگەیاند و بەڕاشکاوی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە بەرزترین ئاستدا بە بەرنامەداڕێژەر و بەڕێوەبەری ئەو کردەوە تێرۆریستییە ناساند و حوکمی زیندانیکردنی بۆ تاوانباران دەرکرد. لەو پێوەندییەدا و بە دوای دەرچوونی حوکمی بە تاوانبار ناساندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵاتانی ئورووپایی بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەو کردەوەیەی ڕێژیم باڵوێزەکانی خۆیان لە تاران بانگ کردەوە؛ بەڵام مەخابن دواتر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان خستە پێش پێشگرتن بە تەڕاتێن و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر سەروەریی سیاسیی وڵاتەکانیان.

لەو بارەوە پێویستە وەبیر بێنینەوە هەرچەندە دەزگای دادوەریی ئاڵمان هەموو ئەو بەڵگانەی بۆ دۆسیەی تێرۆری میکۆنۆس پێویست بوون لەبەردەستیدا نەبوو، بەڵام چونکە ئیرادەیان هەبوو، کاری دادگایان بە شێوەی یاسایی بە ئەنجام گەیاند؛ بەپێچەوانەی دەزگای پۆلیس و دادوەریی ئۆتریش کە زۆر بەڵگەی حاشاهەڵنەگری لە تێرۆری دوکتۆر قاسملوو لەبەردەستدا بوو کەچی بە هۆی سەربەخۆنەبوونی دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتە و دەستێوەردانی بەرژەوەندیخوازانەی دەوڵەتی ئەوکاتی ئۆتریش بەر بە ڕەوتی یاسایی دۆسیەی تێرۆری ڤییەن گیرا. بێگومان ئەگەر ئەوکات دەوڵەتی ئۆتریش و دەزگا دادوەرییەکەی بە شێوەی ئاڵمان و دەزگا دادوەرییەکەی ڕەفتاریان کردبا، دەکرا لەجێدا ماشێنی تێرۆری کۆماری ئیسلامی ڕابگیرێ و ئیدی دواتر شاهیدی هەموو ئەو تێرۆرانە نەبووینایە کە لە ئورووپا کران و یەک لەوان تێرۆری میکۆنۆس.

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

٢٦ی خەرمانانی ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی دوکتۆر شەرەفکەندی و هاوڕێیانی و ئامانج و تێکۆشانیان دەکەینەوە و وەفاداریی خۆمان بە ڕێبازیان دووپات دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پەراوێز خراوە. سیاسەتی شەڕەنگێزی و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و کێشەخوڵقێنییەکانی بە هۆی گرووپە پرۆکسییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کۆماری ئیسلامیی کردووەتە چەقی کێشە و ئاڵۆزینانەوە لە ناوچەکەدا؛ بە شێوەیەک کە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی پێویستە بۆ بەرپەرچدانەوەی سەرەڕۆیی و سیاسەتە چەوتەکانی ئەو ڕێژیمە سنوور دابنرێ.

کۆماری ئیسلامی دوای تێپەڕاندنی دوو شەڕ لە یەک ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە هەموو کاتێک لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی پڕزەبر و سەرکوتی خۆی کەوتووەتە ژێر گوشاری نێودەوڵەتی. گەمارۆی ئابووری و بە دوای ئەودا داڕووخانی نرخی دراوەکەی گورزێکی کاریگەر بووە لە ئابووریی ئێران بە شێوەیەک کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێرانی خستووەتە دۆخێکی زۆر قورس و نالەبار کە بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانە بۆ خەڵک ئەستەمە؛ واتا قۆناغێک کە مەترسیی برسیبوونی خەڵک بە هۆی گوشارە ئابوورییەکانی هێناوەتە ئاراوە.

لە لایەکی دیکەوە سەرەڕای ئەو هەمووە ئاڵەنگارییەی بۆ خەڵک دروست بووە، هاوکارینەکردنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاژانس بە زۆرینەی دەنگ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بە شوورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بسپێرێ، شووراش ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی بڕیاری گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران دا کە بێگومان لەو سۆنگەیەوە کێشەی ئابووری زیاتر بەرۆکی ئەو ڕێژیمە و دواجار خەڵکی وڵاتیش دەگرێ. دیارە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نزیک بە پێنج دەیە دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا سەلماندوویەتی کە نەک هەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی بۆ گرنگ نییە، بەڵکوو هەموو سیاسەت و کردەوەیەکی لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هێزە نیابەتییەکانی لە ناوچەکە و مانەوەی دەسەڵاتی خۆیەتی و سەروەت و سامانی وڵات بۆ ئەو ئامانجە بەفێرۆ دەدا. لە تەنیشت ئەو دۆخە، دەستبەسەرداگرتنی گەرووی بابولمەندەب لە لایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بە فەرمانی سوپای پاسداران کێشەیەکی دیکەی خستووەتە سەر کێشەکانی ناوچەکە و جیهان؛ لەبەر ئەوەی ئەمنییەتی یەکێک لە ڕێڕەوە گرنگەکانی بازرگانیی جیهانی کەوتووەتە مەترسییەوە و ئەوەش بە ئەگەری زۆر هەڵوێستی وڵاتانی ئورووپایی لێ دەکەوێتەوە، ئەوەش بە مانای گڕفەی ئاگری شەڕێکە کە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بۆ هەموو ئەو ناوچەیە پەرەی پێ بدا.

هاونیشتمانیانی خۆشەویست!

٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ (١٤٠٥)ی هەتاوی چوار ساڵ بە سەر بزووتنەوەی ژینادا تێدەپەڕێ کە دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵان لە تاران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بووە هۆی ڕاپەڕینێکی سەرانسەری لە ئێران کە چەخماغەکەی لە کوردستانەوە لێدرابوو؛ سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەک کە ئاکامی یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بانگەوازی هاوبەشی ئەوان بوو. لەو بارەوە کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان پەیامی خۆیان بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دا کە ئەگەر ئێوە یەک بگرن، ئێمە یەکگرتوو و یەکدەنگین. هەروەها پەیامیان بە کۆماری ئیسلامی دا کە پشتیوانی هێزە سیاسییەکانی خۆیانن و لە خوێنی بەناحەقڕژاوی ڕۆڵەکانی کورد خۆش نابن.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە دوکتۆر شەرەفکەندی لە کاتێکدا شەهید کرا کە لەگەڵ چەند کەسایەتیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەسەر پرسی هاوکاری و یەکگرتن خەریکی بیروڕا گۆڕینەوە بوون، ئێستا دوای ٣٤ ساڵ بە سەر شەهیدبوونی لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە ئۆپۆزیسیۆن لە ئاستی کوردستان و ئێراندا یەکگرتوو بێ، ئەو پرسەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەر دوو ئاستدا هەوڵی بۆ دەدا بە شێوەیەک کە دەستەبەربوونی مافی نەتەوایەتیی کورد لەو یەکگرتنەدا مسۆگەر بێ و یەکگرتوویی بە باشترین ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لە کۆماری تێرۆریستی دەزانێ.

سڵاو لە گیانی پاکی دوکتۆر سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، کاک فەتاح عەبدولی، کاک هومایون ئەردەڵان و کاک نووری دێهکوردی و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان!

بەردەوام بێ خەباتی حیزبەکەمان لەپێناو دێموکراسی و وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەمان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی