کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا: سەرکوتی خوێناوی ناتوانێت دەنگی خەڵکی ئێران کپ بکات

09:35 - 26 خەرمانان 2726

یەکیەتیی ئورووپا لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی"دا، داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد کۆتایی بە توندوتیژی و سەرکوتی هاووڵاتییان بهێنن؛ هاوکات وەزیری دەرەوەی فەرانسە و باڵوێزخانەی ئاڵمان لە تاران یادەکەیان بەرز ڕاگرت.

وتەبێژی یەکیەتیی ئورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئازایەتیی ژنان و پیاوانی ئێرانیی بەرز نرخاند و پاڵپشتیی ئەو یەکیەتییەی بۆ داواکارییەکانیان لەپێناو مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەربڕی.

ڕاگەیەندراوەکە بە ئاماژەدان بە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و ڕاپەڕینەکانی ساڵی ٢٠٢٦، ئاراستەی ئێستای سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لە ئێران بە "تۆقێنەر" ناودێر کرد و سەرکوتی بەردەوام، گرتنی سەرەڕۆیانە و تۆقاندنی نەیارانی مەحکووم کرد.

لەلایەکی دیکەوە، ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، جەختی کردەوە سەرکوتی خوێناویی ڕێژیم ناتوانێت دەنگی ئازادیخوازی بێدەنگ بکات و پاریس بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و کەرامەت، لەپاڵ خەڵکی ئێران دەوەستێتەوە.

هاوکات باڵوێزخانەی ئاڵمان لە تاران و کۆمیتەی جووەکانی ئەمریکاش یادی ژینا ئەمینییان بەرز ڕاگرت و جەختیان کردەوە کە ناوی ژینا بووەتە هێمایەکی جیهانی بۆ تێکۆشان لەپێناو ئازادی و ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا.