کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ١٤ ساڵدا سەبەتەی خۆراکی خەڵکی ئێران ٤٣٪ بچووک بووەتەوە

10:49 - 21 خەرمانان 2726

ڕۆژنامەی "دنیای ئێقتساد" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند تێچووی ڕاستەقینەی مانگانەی خۆراک بۆ هەر تاکێکی ئێرانی لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوییەوە تا ١٤٠٣، (دوایین ساڵ کە ئامارە فەرمییەکان بڵاو کرانەوە)، بە ڕێژەی ٤٣٪ کەمی کردووە و ئەم دابەزینەش زیانێکی قورسی بە کوالێتیی خۆراک و تەندروستیی بنەماڵەکان گەیاندووە.

بەپێی ئامارەکانی ئەو ڕۆژنامەیە، تێچووی ڕاستەقینەی خۆراکی مانگانەی هەر تاکێک لە دەوروبەری ٢ میلیۆن و ٦٦٠ هەزار تمەنەوە لە ساڵی ١٣٩٠دا، بۆ نزیکەی ١ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن لە ساڵی ١٤٠٣دا دابەزیوە.

ئەم دابەزینە بۆ توێژە کەمداهاتەکان زۆر سەختتر بووە؛ بە شێوەیەک کە چینی یەکەمی کۆمەڵگە (هەژارترین توێژ) بە ڕێژەی ٥٤٪ و چینی دەیەمیش (دەوڵەمەندترین توێژ) بە ڕێژەی ٣٥٪ تێچووی خۆراکیان کەمی کردووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە بچووکبوونەوەی سەبەتەی خۆراک تەنیا کەمبوونەوەی بڕی خواردن نەبووە، بەڵکوو کوالێتی سیستەمی خۆراکیش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بنەماڵەکان زیاتر ڕوویان لە بەکارهێنانی خۆراکی هەرزانتر وەک کەربۆهیدراتەکان کردووە.

ڕۆژنامەی دنیای ئێقتساد، دابەزینی داهاتی تاکەکەس و هەڵاوسانی بەرزی بەرهەمە خۆراکییەکانی وەک دوو هۆکاری سەرەکیی ئەم داڕمانە ئابوورییە ناو بردووە و لەسەر کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەم ڕەوتە بۆ سەر تەندروستیی گشتی، کارایی هێزی کار و گەشەی ئابووریی هۆشداریی داوە.