کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نا، ئێران براوە نییە: لە پەردەی چوارەمی جەنگدا، کارتەکانی گوشار لە هورمز لەدەست دەدات

14:38 - 19 خەرمانان 2726

سی ئێن ئێن – برێت مەکگورک

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

دەنگۆیەکی بەربڵاو لەبارەی جەنگی ئێرانەوە خەریکی بڵاوبوونەوەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەڵێت ئێران براوەی ئەم جەنگەیە.

هۆکارەکە ئاشکرایە؛ وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک ئێرانیان بۆردومان کرد، زیانی زۆر بەرچاویان پێگەیاند و داوای سازشی بەرچاویان کرد. ئێران خۆی لە تەسلیمبوون بوارد؛ دەوڵەتەکەی لەسەر کار ماوەتەوە؛ مووشەکەکانی بەردەوام هەڕەشەن بۆ سەرانسەری ناوچەکە و، لە هەمووی گرنگتر، تاران هێشتا توانای پێشگرتن بە کەشتیوانیی لە ڕێگەی گەرووی هورمزی ماوە، کە بووەتە هۆی سەپاندنی تێچوویەکی زۆر بەسەر نرخی وزە لە وڵاتە یەکگرتووەکان و هەروەها زۆربەی شوێنەکانی دیکەی جیهاندا. لە ماوەی هاویندا، ترامپ هۆشداری دا کە ئەگەر گەرووی هورمز نەکرێتەوە، ئابووریی جیهان تووشی داڕمان دەبێت.

ئەمە بانگەشەیەکی بەهێزە، بەڵام ڕەنگە نادروست و سەرپێیی بێت.

جەنگەکان ململانێی بەکارهێنانی کارتەکانی گوشار (Leverage) و پشوودرێژین؛ ئەمەش کێبڕکێیەکە کە ئێستا تەنانەت لەچاو چەند مانگ پێش ئێستاش زۆر جیاوازە.

پەردەی چوارەم

ئەم ململانێ شەش‌مانگییە چوار پەردەی تێپەڕاندووە. پەردەی یەکەم بە هێرشی چڕی ئاسمانی لە ٢٨ی فێبریوەریدا دەستی پێکرد و بۆ ماوەی شەش هەفتە وەک ئۆپەراسیۆنێکی چڕی سەربازی مایەوە. پەردەی دووەم بە ئاگربەستی ٧ی ئەپڕیل و دەستپێکی دانوستان دەستی پێکرد، و بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ١٧ی جوون بە واژۆی دۆناڵد ترامپ و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک‌کۆماری ئێران گەیشتە ترۆپکی خۆی. چەند هەفتە دواتر پەردەی سێیەم کاتێک دەستی پێکرد کە ئێران بڕیاری دا جارێکی دیکە کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا بکاتە ئامانج، و ئەمەش بووە هۆی دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی دوولایەنە.

ئەمە ئەو ساتەوەختە بوو کە داواکارییەکان بۆ کشانەوە و کۆڵدانی وڵاتە یەکگرتووەکان هەموو شوێنێکیان تەنی و داوا کرا کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی گەرووی هورمز بدرێتە دەست ئێران. لەو کاتەدا وا دەهاتە پێش چاو کە وڵاتە یەکگرتووەکان هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نەبێت.

دەست ڕاگرن!

لە ناوەڕاستی مانگی جولایەوە، وڵاتە یەکگرتووەکان گەمارۆی سەربازیی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ئابڵۆقە خراوەتە سەر هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە. هاوتەریب، هێزی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان شێلگیرانە کار دەکات بۆ پاککردنەوەی ڕێڕەوە دەریاییەکان و بەرگریکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان کە بە گەرووی هورمزدا هاتووچۆ دەکەن. ئاکامەکەی، گەمارۆیەکی کاریگەر بووە بەسەر هەناردەکردنی نەوتی ئێراندا؛ لە هەمان کاتدا هاتوچۆی کەشتیوانیی جیهانی خەریکە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ و نرخی نەوتیش بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بە جێگیری ماوەتەوە. بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێکیدا لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە هەناردەکردنی نەوت بە گەرووی هورمزدا گەڕاوەتەوە بۆ دوو لەسەر سێی ئاستی پێش جەنگ.

ستراتیژێکی باشتری وڵاتە یەکگرتووەکان

ئێران لە کاتێکدا چووە ناو جەنگەوە کە بەهۆی گەمارۆی چەندین ساڵە و خراپ بەڕێوەبردنی ئابوورییەوە تەواو لاواز ببوو؛ دۆخی ئێستای ئێران یەکجار خراپترە لە کاتی پێش جەنگ.

بەگوێرەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، چاوەڕوان دەکرێت ئابووریی ئێران ئەمساڵ زیاتر لە ٪٥ بچووک ببێتەوە بە هەڵاوسانی زیاتر لە ٪٧٠. نرخی دراوی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان گەلێک بەرز بوونەتەوە. کاربەدەستێکی وەزارەتی کاری ئێران لەم دواییانەدا ڕێژەی لەدەستدانی هەلی کاری تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی جەنگدا بە زیاتر لە یەک ملیۆن خەمڵاندووە.

ئەم ئامارانە گرنگن، چونکە توانای ئێران بۆ درێژەپێدان بە ململانێکە، لە کۆتاییدا بەستراوەتەوە بە شتانێکی زۆر زیاتر لە تەنیا ژمارەی ئەو مووشەکانەی کە هێشتا ماون. پێش دەستپێکردنی جەنگ، ڕێژیمی ئێران بەرەوڕووی گوشاری بێوێنەی جەماوەری دژی بەڕێوەبەرییە سەرکوتکەرەکەی و ئابوورییە شکستخواردووەکەی ببووەوە؛ بەپێی زانیارییەکان، هەزاران ئێرانی لەسەر شەقامەکان کوژران.

ستراتیژێکی کاریگەرتری ئەمریکا لە سەرەتاوە، ڕەنگە هەڵمەتێکی ئابووری بووبێت بۆ پشتیوانیکردن لەو ئێرانییانەی کە داوای گۆڕانکاری دەکەن. لە قۆناغی یەکەمی جەنگدا، لێدانی زۆربەی ڕێبەرانی ئێران بووە هۆی قایمکردنی دەسەڵاتی سوپای پاسداران و سەرکوتی زیاتر دژ بە زۆرینەی خەڵکی ئێران کە دژی حوکمڕانیی ئەوانن.

بەڵام سوپای پاسداران پێویستی بە سەرچاوەی دارایی هەمەجۆرە تا بتوانێت درێژە بە حوکمڕانیی خۆی بدات، و ئەم پەردە نوێیە (چوارەمین پەردە)، واتە گەمارۆی سەربازی، شتێکە کە ئێران قەت لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی نەبووەتەوە. لە ڕاستیدا، ئەمە یەکەم جارە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ەوە کە ئێران لە شادەماری ئابووریی خۆی، واتە لە گەرووی هورمزدا، تووشی گەمارۆ و قەرەنتینە دەبێت.

ڕێگای دەربازبوونی ئەوان بریتییە لە دەستهەڵگرتن لە هەڕەشەکردن لە کەشتییەکانی ناو گەرووی هورمز و وازهێنان لە پاشماوەی بەرنامەی پیتاندنی ئۆرانیۆم. ئەمە ڕێککەوتنێکە کە ترامپ قبووڵی دەکات؛ بەڵام جێبەجێکردنی هەرکام لەوانە، لە ڕوانگەی سوپای پاسدارانەوە، نیشانەی لاوازی و هەڕەشەیە بۆ سەر مانەوەی دەسەڵاتیان.

کارتەکانی ئێران

ڕەنگە تاران بیهەوێت بە شەڕکردن خۆی لەم داوە ڕزگار بکات. ستراتیژەکەی لە ماوەی سێ پەردەی پێشوودا ڕوون و ئاشکرا بووە: هەڕەشەکردن لە بازرگانیی جیهانی لە گەرووی هورمزدا، بەرزکردنەوەی نرخی وزە لە سەرانسەری جیهاندا و گرانکردنی نرخی بەنزین لە وڵاتە یەکگرتووەکان، بردنەسەری گوشاری ئابووریی جیهانی و لە کۆتاییدا ناچارکردنی ترامپ بە پاشەکشە؛ بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی.

ئێران بە هەمان شێوە ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداوی کردووەتە ئامانج و دەتوانێت دیسان ئەم کارە بکاتەوە. هێزە بەوەکالەتەکانی لە یەمەن (حوسییەکان)، هەڕەشەی داخستنی هاتوچۆی بازرگانییان بە دەریای سووردا بە یارمەتیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی کردووە.

هەموو ئەمانە بە مانای پەنابردنەوەیە بۆ هەمان تاکتیکی سەرەتای جەنگ. لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، ئەمە بۆ ئێران کاریگەر نەبووە. وڵاتانی کەنداو بەم جەنگە دڵخۆش نین، بەڵام زۆربەیان ئامادە نین تەسلیمی داواکاری و هەڕەشەکانی ئێران لە گەرووی هورمزدا بن. ئێستا هەوڵەکانی ئێران بۆ بەستنی گەرووی هورمز لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مینی دەریاییەوە، بۆ یەکەم جار تووشی شکست بوون.

کەواتە، من مەترسیی قووڵترکردنەوەی قەیرانەکە لە لایەن ئێرانەوە، هاوکات لەگەڵ چوونەسەری گوشاری ئابووری پاشگوێ ناخەم؛ بەڵام لە دۆخی ئێستادا ڕەنگە ئەوە بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان بەس نەبێت. وا دیارە ترامپ زۆر لەوە پێداگرتر بێت کە ڕێبەرانی ئێران بە ئاشکرا پێشبینییان دەکرد.

خاڵی تێكشکان

ڕێبەرانی ئێران و زۆرێک لە لێکۆڵەرانی ڕۆژاوایی پێیان وایە خۆڕاگری لە بەرامبەر گوشاردا بێکۆتاییە؛ وا دادەنێن کە ئێران قەت دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هەژموونی بەسەر گەرووی هورمز، یان میلیشیاکانی لە سەرانسەری ناوچەکەدا هەڵناگرێت.

بە گوتەی تاران، ئەمە شتێکە کە دەبێت وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قبووڵی بکەین.

عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، هەفتەی ڕابردوو گوتی گوشارەکانی گەمارۆ و ئابڵۆقەکان، وەک هەموو هەڵمەتەکانی پێشوو «مەحکووم بە شکستن»، و ئاماژەی بەوە کرد هیچکامیان نەیانتوانیوە سیاسەتی ئێران بگۆڕن.

من لەبیرمە هەمان شتم لەبارەی داعشەوە لە شارەزایان دەبیست، ئەو کاتەی بەرپرسی هەڵمەتەکان بووم بۆ شکستپێهێنانی ئەو گرووپە؛ بە هەمان شێوە لەبارەی حەماسیشەوە لە کاتی دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە کەرتی غەززە.

لە ڕاستیدا، هەموو لایەنێک خاڵێکی تێکشکانی هەیە. ئێران پێی وابوو ئەو خاڵەی ترامپی دۆزیوەتەوە؛ ڕەنگە هێشتا مابێت کە ترامپ خاڵی تێكشکانی ئەوان بدۆزێتەوە. جارێ زووە بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەم بارەیەوە.

ئەمە دوا پەردە نییە

کێبڕکێکە بە جۆرێک لە شێوازەکان ڕەنگە تا کۆتایی ئیدارەی ترامپ و دواتریش درێژەی هەبێت؛ ئەمە ململانێیەکە کە نزیکەی پێنج دەیەیە بەردەوامە.

پەردە سەرەتاییەکانی ئەم جەنگە لەنێو ئامانجە هەردەم گۆڕاو و ناڕوونەکان، هەڵوێستی جۆراوجۆر و لێدوانە ناتەباکانی وڵاتە یەکگرتووەکاندا گیری خواردبوو.

بەڵام وێدەچێت پەردەی چوارەم جیاواز بێت. هێزی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان ئێستا ئامانجی زۆر ڕوونتری هەیە، وەک چۆن لەم هەفتەیەدا لە لایەن ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆمەوە ئاماژەی پێکرا: سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا و یارمەتیدان بۆ مسۆگەرکردنی هاتووچۆی ئازادانەی کەشتیوانیی بازرگانی.

ئامانجی وڵاتە یەکگرتووەکانیش دەبێت بە هەمان شێوە بە ڕوونی دەستنیشان بکرێت؛ ئێران دەبێت دەست لە ئیدیعاکانی لەبارەی گەرووی هورمز هەڵگرێت و پاشەکشە لە بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆمی بکات. تا ئەو کاتە، ئەمە واقیعی نوێی ئاساییە.

ئەم واقیعە نوێیەش، ڕەنگە بۆ یەکەم جار لە کاتی دەستپێکی جەنگەوە، بە تەواوی بە قازانجی واشینگتۆن بشکێتەوە، نەوەک تاران.