ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا بۆ ئاگۆستی ۲۰۲۶ ئاشکرای کرد کە گوشارە ئامانجدار و ڕێکخراوەکانی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هاووڵاتییانی پەیڕەوی ئایینی بەهایی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ بە شێوەیەک لەم مانگەدا دەیان حاڵەتی دەسبەسەرکردن، دەرکردنی سزای بەندکران، هەڵکوتانە سەر ماڵان و بێبەشکردن لە خوێندن تۆمار کراون.
بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە مانگی ئاگۆستدا لانیکەم ۱۴ هاووڵاتیی بەهایی کە ۷ ژن و ۷ پیاون لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون، کە ئەمەش ١٢٪ی کۆی گشتیی دەسبەسەرکراوانی ئاگۆستی ئەم ساڵ لە تەواوی ئێراندا پێک دەهێنێت.
لەلایەکی دیکەوە، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم سزای سەرجەم ۳٤ ساڵ و ۵ مانگ و ۱۵ ڕۆژ بەندکرانی بەسەر ۱۴ هاووڵاتیی دیکەی ئەم پێكهاتە ئایینییەدا سەپاندووە.
هاوكات سزای بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەی ٦ تا ۱۰ ساڵ بەسەر ۱۲ کەس لەو هاووڵاتییانەدا سەپێنراوە.
هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و شوێنی کاری لانیکەم ۵ بنەماڵەی بەهایی و وێڕای پشکنین و تێکدانی کەلوپەلەکانیان، دەستیان بەسەر ماشینی تایبەتی، زێڕ، پارە، ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و تەنانەت ئامێرەکانی مۆسیقادا گرتووە و شوێنی کاسبیی هەندێکیان پڵۆمپ کردووە.
لە درێژەی ڕەوتی سەرکوتکردنی مافی خوێندندا، خوێندکارێکی بەهایی دوای بانگکردنی بۆ حەراسەتی زانکۆ، بەبیانووی "نەبوونی لێهاتوویی گشتی" کە لە ڕێگەی نامەیەکی نهێنییەوە لە تارانەوە ئاراستە کرابوو، لە زانکۆ دەرکراوە و بە یەکجاری لە درێژەدان بە خوێندنی باڵا بێبەش کراوە.