کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئێران گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانی تێرۆریزمە لە جیهاندا

08:59 - 21 خەرمانان 2726

لە بیست و پێنجەمین ساڵیادی هێرشەکانی ۱۱ی سێپتامبردا لە پێنتاگۆن، دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهانە و دووپاتی کردەوە کە تاران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕاناگات.

دۆناڵد ترامپ لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە قوربانیانی ۱۱ی سێپتامبر لە پێنتاگۆن، ڕایگەیاند ئەمریکا لە هەموو کاتێک بەهێزترە و وتی: "ئێمە تێدەکۆشین تا دڵنیا ببینەوە لەوەی تاران وەک گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

پیت هێگسێت وەکوو ترامپ، ڕێژیمی ئێرانی بە گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانیکاری تێرۆریزم لە جیهاندا ناودێر کرد و زیادی کرد کە ئەم ڕێژیمە چەندین دەیەیە پشتیوانی لە هێرشە تێرۆریستییەکان دژی ئەمریکاییەکان کردووە و هەزاران کەس، لەوانەش هاوڕێیانی لە عێراق و ئەفغانستانی کوشتووە.

ناوبراو هەروەها وتی کە هێزەکانمان لە شەش مانگی ڕابردوودا لەگەڵ حکوومەتێکی دینی ئیسلامی شەڕیان کردووە کە نیو سەدەیە خوازیاری لەنێوچوونی ئێمەیە، بەڵام ئێستا ئێمە لەنێومان بردوون.

وەزیری شەڕی ئەمریکا جەختی کردەوە لەوەی واشنگتۆن سەرکردەکانی ئێرانی کوشتووە، هێزی ئاسمانیی تێکشکاندوون و هێزی دەریایی تارانیشی لە بنی دەریا نوقم کردووە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند کە ئێستا کۆنتڕۆڵی گەرووی هۆرمۆز لە دەستی ئەمریکادایە و گوشاری ئابووریی سەر ئێران ڕۆژانە ڕوو لە زیادبوونە.