ئەیال زەمیر، سەرۆکی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند بەرزاییەکانی "عەلی ئەلتاهیر" لە باشووری لوبنان وەک سەرەکیترین ژێرخانی فەرماندەیی، کۆنتڕۆڵ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا هەژمار دەکرا کە بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست کرابوو.
سەرۆکی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژێک دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی تێکدانی ڕێڕەوە ژێرزەوییەکانی حیزبوڵڵا لەو ناوچەیە، سەردانی بەرزاییەکانی عەلی ئەلتاهیری کرد و جەختی کردەوە کە ئەرتەشی وڵاتەکەی بە هەر تێچوویەک بێت بەرگری لە شار و ناوچە سنورییەکانی دەکات.
ئەیال زەمیر ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێڵی پێشەوەی بەرگریدا وەستاوە و ڕایگەیاند هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر شارۆچکەکانی باکوور یان یەکە سەربازییەکان، بە وڵامێکی دەستبەجێ و زۆر توند بەرپەرچ دەدرێتەوە.
سەرۆکی ستادی گشتیی ئەرتەش دووپاتی کردەوە کە "هێڵی زەرد" تا ئێستاش بە تەواوەتی لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئیسرائیلدایە و هیچ گۆڕانکارییەکی مەیدانی لە ناوچەکەدا ڕووی نەداوە.
هەروەها وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند وڵاتەکەی دوای تێکدانی بەرفراوانی تۆنێلەکانی حیزبوڵڵا لە ناوچەی عەلی ئەلتاهیر، بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆ سەر حیزبوڵڵا ئامادەیە.
یێسرائیل کاتس ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: "ئێمە بۆ بەردەوامیدان بەم هەڵمەتە و بەردەوامبوون لە هێرشکردنە سەر حیزبوڵڵا و هەروەها هێرشکردنە سەر شوێنەکانی دیکەش، ئامادەین."