موجتەبا باباخانی لە چالاکانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە ئەنجامی گەمارۆدان و هێرشی چەکدارانەی هێزەکانی ڕێژیم بە تەقاندنەوەی نارنجۆک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، موجتەبا باباخانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام و لە ناڕازییانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لە ئەنجامی گەمارۆدان و هێرشی چەکدارانەی هێزەکانی «یەکەی تایبەتی نۆپۆ»ی ڕێژیم بۆ سەر حەشارگەی خۆی و براکەی، گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ناوبراو دوای دەسبەسەرکرانی، بە تەقاندنەوەی نارنجۆک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و دوو کەس لە هێزەکانی ڕێژیمیش بریندار بوون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۱۸ی خەرمانان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر ئەو شوێنەی کە موجتەبا باباخانی و شوجاع باباخانی، دوو برای کورد خۆیان تێدا شاردبووەوە و دوای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار بە شێوەی نهێنی دەژیان، تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە ڕووی دا.
لە ڕەوتی ئەم هێرشە چەکدارانەیەدا، شوجاع توانیویەتی لە ماڵە گەمارۆدراوەکە لە شارۆچکەی ئیسلامییەی مێهران هەڵبێت، بەڵام موجتەبا باباخانی دەسبەسەر کراوە.
ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا بە کەڵکوەرگرتن لە نارنجۆکی دەستی هەوڵی تەقاندنەوەی داوە کە لە ئاکامدا، خۆی دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و لانیکەم دوو کەس لە هێزەکانی ڕێژیمیش بەسەختی بریندار بوون.
شایانی باسە کە، موجتەبا باباخانی هاوڕێ لەگەڵ براکەی لە ناڕازییانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ بوون کە بەهۆی ڕاوەدوونان و گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، ڕەوتی ژیانێکی نهێنییان گرتبووە بەر.