لە شاری هامبۆرگی ئاڵمان یەکێک لە فەزا سەوزەکانی ناوچەی «ڤینتەرهوودە» لە بەرانبەر کونسوڵخانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە فەرمی بە ناوی «پارکی ژینا ئەمینی» ناو نرا.
تابلۆکانی ئەم پارکە لە کۆتایی حەفتەی ڕابردوودا هەڵواسران و پشتێنە سەوزەکەی نێوان شەقامەکانی «هۆتڤاڵکەر» و «مینکوێزە» لەمەودوا ناوی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقزی لەخۆ گرتووە.
ئەم بڕیارە بە پێشنیاری دەزگا سیاسییەکانی ناوچەی «هامبۆرگ-نۆرد» و بە پەسەندکردنی کۆمیسیۆنی سێنای هامبۆرگ بۆ ناونانی شەقام و فەزا گشتییەکان دراوه.
شایانی باسە لە شوێنی پارکەکە و لە بەرانبەر باڵەخانەی کۆنسوڵخانەی پێشووی کۆماری ئیسلامیدا، لە ساڵی ٢٠٢٣وە یادگارییەک بە ناوی «باخچەی ژینا» دانرا و لە مانگی مەی ٢٠٢۶یشدا یادگارییەکی بڕۆنز لەم شوێنەدا هەر بە ناوی ژیناوە پەردەی لەسەر لادرا.
ژینا ئەمینی، ٢٢ ساڵە و خەڵکی سەقز، لە خەرمانانی ١٤٠١دا پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن گەشتی ئێرشادی ڕێژیم لە تاران گیانی لەدەست دا. مەرگی ئەو شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتیی لە کوردستان و شارەکانی تری ئێران بەرز کردەوە و شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» لێکەوتەوە.
ئێستا ناوی ژینا ئەمینی لەسەر یەکێک لە فەزا شارنشینەکانی هامبۆرگیش تۆمار کراوە.