
هەیاس کاردۆ
ئێران بە حەشیمەتی زیاتر لە نەوەد میلیۆن کەس و سەرزەوییەکی پانوبەرینەوە، ژینگەی کۆمەڵێک نەتەوەی جۆراوجۆر بە دین و ئایینی جیاوازەوەیە. هەڵکردنی کۆی ئەو خەڵکە جیاوازە لەژێر دەسەڵاتی خۆسەپێن، سەرەڕۆ و تۆتالیتاردا، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، نەهامەتیی زۆری بۆ گشت خەڵکی ئەم وڵاتە بەدواوە بووە. ئەگەر خەباتی هاوبەشی کۆی حەشیمەتی ئێران بە دژی سەرەڕۆیی و دیکتاتۆڕی ئاڵقەیەکی پێوەندیی دەنێو ئەو خەڵکەدا ساز کردووە کە بتوانن خۆیانی تێدا بدۆزنەوە، بەداخەوە ئەوە هەموو ڕاستییەکان دەر ناخا. شۆڕبوونەوە بە نێو پێچوخەمی پێوەندییە کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری، ئایینی و بە تایبەت نەتەوایەتییەکاندا، دەربڕی ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە لە پەنا یەک ژیانی کۆی ئەو خەڵکە بە ماف و ئازادیی بەرابەرەوە، دوورە دیمەنێکی هێندە ساف و بێگەرد نییە.
یەک لە گرفتە هەرە سەرەکی و نەگۆڕەکانی هەتا ئێستای پێکەوەژیانی بەئاشتییانەی خەڵکانی ئێران، نەبوونی تەرازووی عەداڵەت بۆ هاوسەنگیی دەسەڵات و دابەشکردنی سامانی گشتیی وڵاتە. لەو چوارچێوەیەدا لایەنێک هەمیشە پشکی شێری پێ بڕاوە و ئەوانی دیکە وەپشت گوێ خراون. گەلی کورد لەو لایەنانەیە دایمە زوڵمی چەند قاتی لێ کراوە و قەت وەک بەشێک لە پێکهێنەرانی ئەسڵیی چوارچێوەی ئەو وڵاتە سەیری نەکراوە. هەرچەند کورد ناوی هەیە و تەنانەت زۆرجار بە ''وڵاتپارێزانی بەغیرەت'' یان ''سنووردارانی شەڕکەر'' باسی کراوە، کەچی هیچکات وەک نەتەوە، یان گەلێکی خاوەن ناسنامەی تایبەت، بە ژمار نەهاتووە. لە ڕاستییدا ئەوە گرفتێک نییە بە ڕۆیشتنی حکوومەتێک و هاتنی یەکی دیکە چارەسەر بکرێ. ئەوە کێشەی ڕوانگە و باوەڕ و فەلسەفەی وجوودیی ئێرانیگەری بە دروشمی، یەک وڵات، یەک نەتەوە و یەک ئاڵایە.
هەرچەند دوای هاتنەسەرکاری سیستمی کۆماری ئیسلامی و تەشەنەکردنی ئیدەی شیعەگەری و زەقکردنەوەی دروشمی سەیروسەمەرەی وەک یەکگرتوویی ئوممەتی ئیسلامی، وا دەهاتە بەرچاو کە ناسیۆنالیزمی نەتەوەی دەسەڵاتدار لاواز بووە، بەڵام ڕەوتی زەمان دەری خست شتەکە بە پێچەوانەیە. واتە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا لە چەکی مەزهەب بۆ قایمکردنی هەستی شوینیستی و ڕاگرتنی نیزامی تەک نەتەوەیی کەڵکی وەرگرت و چاکیشی بەکار هێنا. لە ماوەی هەشت ساڵ شەڕی نێوان ئێران و عێڕاقدا، ئەو ڕاستییە بە جوانی دەرکەوت کە سەدان هەزار کەس دەبێ بە دروشمی مەزهەبییەوە خۆیان فیدا بکەن هەتا خاکی ئێرانی تەک نەتەوە بپارێزرێ. دوای کۆتاییهاتنی شەڕ و هەتا ئەم چرکە ساتەش چەکی مەزهەب تەنیا دەخزمەت پاراستنی ''تەواویەتی ئەرزی'' و ڕاگرتنی باڵانسی دەسەڵات بە قازانجی نەتەوەی فەرمانڕەوا بووە.
هاوکات دەگەڵ پەرەگرتنی هەستی شوینیستی دەنێو تەیفە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتدا، بیری مەزنیخوازیی نەتەوەی دەسەڵاتدار دەنێو دژبەرانی کۆماری ئیسلامییشدا پەرەی گرتووە. ئێستا جگە لە پاشماوەکانی ڕێژیمی پێشووی ئێران کە خۆیان بە میراتگری تەک نەتەوەیی ئەم وڵاتە دەزانن، ئەو بیرە دەنێو خەڵکانی دیکەشدا چەکەرەی کردووە. دوای هێرشە هەواییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کە بە شەڕی دوازدە ڕۆژە ناسراوە و بە تایبەت لە دوای شەڕی سی و نۆ ڕۆژە، هەستی ئێرانیگەریی نەتەوەی دەسەڵاتدار زیاتر پەرەی گرتووە. هێژموونیخوازیی نەتەوەی باڵادەست بە جێگایەک گەیشتووە کە بەئاشکرا و زۆر زیاتر لە پێشوو دژایەتیی مافی غەیرە فارس دەکرێ. لەو پێوەندییەدا تەنانەت کار گەیوەتە جێگایەک هەر ڕۆژەی بە بیانوویەک هەڵوێستی مافخوازانەی گەلانی دیکە دەخەنە ژێر پرسیار و لە دادگای بێویژدانیی خۆیاندا حوکمی بۆ دەبڕنەوە.
جێی پرسیارە لە بەرامبەر ئەو هەموو هەڕەشە و سووکایەتییەدا کە بە خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد دەکرێ و داوا ڕەواکانی دەخرێتە ژێر پرسیار، باشترین و گونجاوترین ڕێگای بەرەبەرەکانێی ئێمەی کورد دەبێ چی بێ؟ چ بکەین کە بتوانین قەناعەت بە نەتەوەی فەرمانڕەوا بێنین هەتا ئێمەش وەک پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی ئەم وڵاتە بناسێ؟ چۆن دەتوانین لە بەرامبەر ئەو هەموو گوشارە فیزیکی و ڕەوەانییەدا خۆ ڕاگرین و ناسنامەی نەتەوایەتیی خۆمان بپارێزین؟ ئەوانە و دەیان پرسیاری دیکەی لەو شێوەیە دەبێ دایمە مێشکی تاک تاکی خەباتکارانی کورد بە خۆیانەوە سەرقاڵ بکەن و هەوڵ بدرێ وەڵامی دروستیان بۆ بدۆزرێتەوە.
ڕوونە، خەباتی نەتەوەیی ئێمە هیچکات تاک ڕەهەند نەبووە و لە داهاتووشدا نابێ. هەوڵدان بۆ تێگەیاندنی بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران، دانیشتن و هاوفکری دەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرە سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت هەوڵی دانوستان و لێکتێگەیشتن دەگەڵ دەسەڵاتی فەرمانڕەواش لەو ڕێگایانەن کە پێشتر کەڵکیان لێ وەرگیراوە و لە داهاتووشدا پێویستە کەڵکیان لێ وەرگیرێ. پێکهێنانی کۆڕبەندی و هاوپەیمانیی دەگەڵ هەموو ئەولایەنانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕاستیی مەسەلەی کورد دەگەن و دەیانەوێ ڕێگاچارەیەکی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە، دیسان لەو ئەرکانەیە بزووتەنەوەی سیاسیی کورد دەبێ بە جیدیی وەدووی کەوێ. نەرمی نواندن دەبەرامبەر ئەوانەدا کە خوازیاری چارەسەری کێشەکان لە ڕێگای دروستی خۆیەوەن، کارێکی بەجێ و مەنتیقییە. پشوودرێژی و بەردەوامیی لە دۆزینەوەی ڕێگای چارەی گونجاو بۆ پێکەوەژیانی عادڵانە دەگەڵ نەتەوەکانی دیکە، لەو ئەرکانەیە کە نابێ وەپشت گوێ بخرێ.
ئەوانە و زۆر هەوڵی دیکە بۆ پاراستنی پێکەوەژیانی ئاسایی دەگەڵ خەڵکی ئێران. وەک زەروورەتی کاری سیاسی دەبێ سەیر بکرێن. بەڵام شتێکی کە لە هیچ هەلومەرجێکدا و لەژێر باری هیچ هەڕەشە و زەختێکدا نابێ لە بیر بکرێ، پاراستنی هەستی نەتەوەیی و تەنانەت بەهێزکردنیشێتی. تەنیا بە هێزی پۆڵایینی ناسینۆالیزمی بەرگریکارانەیە دەتوانین بچینە نێو هەر گەمەیەکی کە قەرارە بۆ داڕشتنی چوارچێوەی داهاتووی ئێران وەڕێ بخرێ. هاوکات لە بەرامبەر شوینیزمی دەسەڵاتداردا، تەنیا ناسیۆنالیزمی بەرهەڵستکارە کە توانای خۆڕاگری و بەردەوامیی هەیە. بێگومان هەر پاشەکشەیەک لەو پێوەندییەدا، دەبێتە یەکەم نیشانەکانی تێکڕووخانی دیواری قایمی ناسنامەی کوردی کە لانیکەم لە دووسەت ساڵی ڕابوردوودا شکڵی گرتووە. چووکترین هەڵە و کەمتەرخەمی لەو بوارەدا ڕێگای گەڕانەوەمان لێ دەگرێ. وامان لێ دەکا هەنگاو بە هەنگاو خۆمان چووک و چووکتر بکەینەوە هەتا وای لێ دێ بە کەمترین داواش قەناعەت بێنین.
ئەوەی نەتەوەی باڵادەست دەیەوێ ئەوەیە ناچارمان بکا سەری کڕنۆش بۆ ویستی ئەو دانەوێنین و لە ویستە سەرەکییەکانی خۆمان پاشەکشە بکەین. ڕاوەستان و پێداگریی لەسەر مافە نەتەوەیییەکان، هیچکات بە مانای شەڕخوازی نییە، وەک چۆن ڕەگەزپەرستەکان دەیانەوێ وای نیشان بدەن. کورد ناچارە بۆ پاراستنی خۆی بەرگری بکا و ئەگەر ناچار بکرێ، شەڕیشی بۆ بکا؛ بەڵام دەبێ بزانن ئەوە ئێمە نین مافی ئەوان پێشێل دەکەین.
ئەوانەی بە ناوی یەکپارچەیی وڵات و مەترسیی ساز بوونی شەڕی نێوخۆیی هەر ڕۆژەی بە جۆرێک بیانوو بە ڕێبەرانی سیاسیی کورد دەگرن کە سوێندی وەفادارییان بۆ بخۆن، مەبەستیان تێکشکاندنی ئەو ئیرادە بەهێزە نەتەوەییەیە کە بە درێژایی ساڵانی پڕ لە خەبات و قوربانیدان دروست بووە. ئەوان باش لەوە دەگەن بە بوونی ئیرادەی پۆڵایینی خەباتی نەوەتەوەیی، توانای داسەپاندنی ویستەکانی خۆیانیان بە سەر گەلەکەماندا نابێ. تەنیا کاتێک دەتوانن پاشکەشەمان پێ بکەن کە درز بخەنە دیواری ناسنامەمان و لە بەر چاوانی سووک بکەن.
لە فەزای کەس بە کەسەی ئێستای ئێراندا کە هەم لایەنی دسەڵاتدار و هەم دژبەرانی خەریکن ڕقی لاوازیی خۆیان بە کورد بڕێژن، ئەرکی ئێمەیە بە وشیاریی و لێهاتوویی زیاترەوە پیلانەکانیان پەک بخەین. بەخۆشییەوە وشیاریی نەتەوەیی ئێمە گەیوتە حاندێک مووسی سپی لە سەر بەفر ببینین. هەموومان دەزانین چیمان دەوێ و بۆچیمان دەوێ. لەوەش ئاگادارین ڕۆڵی کورد لە دروستکردنی ئێرانی داهاتوودا چ گرینگییەکی هەیە. هەر بۆیە پێداگریی لەسەر مافە نەتەوەیییەکان و ملنەدان بە ویستی دوژمنکارانەی نەیارانی مافەکانمان، تەنیا رێگای ڕاگرتنی ناسنامەی کوردبوونمانە؛ هەروەها ناسییۆنالیزمی بەرهەڵستکار، کاریگەرترین چەک بۆ پاشەکشەی شوینیزمی مەزنیخوازە.