کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاتکلیف، ڕۆبیۆ و هێگسێت سەبارەت بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران نیگەرانن

09:47 - 26 جۆزەردان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، جان ڕاتکلیف، سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) بە دۆناڵد ترامپ و بەرپرسانی باڵای واشنگتۆنی ڕاگەیاندووە کە هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، گومان دەخەنە سەر ئامادەیی ڕاستەقینەی ئێران بۆ پێدانی ئەو ئێمتیازە ئەتۆمییانەی کە واشنگتۆن لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا داوایان دەکات.

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" بەپشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە کە ڕاتکلیف لەم گومانانەدا تەنیا نییە؛ بەڵکوو مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکاش لە کۆبوونەوە نێوخۆییەکاندا نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەسەر ئەم ڕێککەوتنە دەربڕیوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بە وتەی ئەم سەرچاوانە، جەی دی وێنس، جێگری سەرۆککۆمار لەگەڵ ستیڤ ویتکاف، نێردراوی ئەمریکا و جێرد کوشنێر، ڕاوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی، پشتگیرییان لە پێشخستنی ئەم لێکتێگەیشتنە کردووە.

ترامپ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دەقی لێکتێگەیشتنەکە لەگەڵ ئێران، دوای واژۆکردنی فەرمیی بەڵگەنامەکە لەلایەن هەردوو لاوە لە سویس لە ڕۆژی هەینیدا، بڵاو دەکرێتەوە.

ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە گەرووی هۆرمۆز لەو ڕۆژەدا بە تەواوی دەکرێتەوە.

بڕیارە ئەم لێکتێگەیشتنە ڕێگا بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و ئەگەری لادانی گەمارۆکان خۆش بکات.