کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: پێدانی ۳۰۰ ملیۆن دۆلار بە ئێران هەواڵێکی ناڕاستە

09:17 - 26 جۆزەردان 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئەو ڕاپۆرتانەی بە "هەواڵی ناڕاست"  ناوبرد کە ئیدعای ئەوە دەکەن ئەمریکا ٣٠٠ میلیۆن دۆلار بە ئێران دەدات.  ئەو لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: ''ئێران قەبووڵی کردووە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی نەبێت، هەروەها هەواڵی پێدانی ٣٠٠ میلیۆن دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە بە ئێران، هەواڵێکی ناڕاستە کە دێموکراتە نەزانەکان بڵاویان کردووەتەوە.''

پێشتر ڕۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز" ڕۆژی دووشەممە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە کە تێیدا هاتبوو کابینەی ترامپ تاوتوێی پشتگیریکردن لە دروستکردنی سندووقێکی وەبەرهێنانی ٣٠٠ میلیارد دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەکات. بەڵام دۆناڵد ترامپ لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ژمارەی ''٣٠٠ ملیۆن دۆلار'' کردووە، نەک ٣٠٠ میلیارد دۆلار.

ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی: ''ئەو سندووقە ٣٠٠ میلیارد دۆلارییەی کە کابینەی دۆناڵد ترامپ بۆ ئێرانی لەبەرچاو گرتووە''، لەلایەن ئەو شیرکەتانەوە دابین دەکرێت کە ئارەزووی وەبەرهێنان لە ئێراندا دەکەن، و سەرچاوە داراییەکانی لە لایەن حکوومەتەکانەوە نابێت.