دۆناڵد ترامپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاند، ئەگەر تاران نەگاتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی ئەتۆمی لەگەڵ واشنگتۆن، هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران دەست پێدەکاتەوە.
ترامپ وتوویەتی کە ئەگەر ڕێککەوتن نەبێت، بژاردەیەکی تریان هەیە ئەویش ئەوەیە لە بەرامبەر وەرگرتنی ۲۰ لەسەدی داهاتەکانی ناوچەکە، ئەمریکا وەک ''پاسەوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست'' بمێنێتەوە.
ترامپ وتیشی، ئەم ڕێککەوتنە گەرەنتی دەکات کە هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز بۆ هەمیشە بەبێ باج و سەرانە بێت. سەرۆککۆماری ئەمریکا تیشکی خستە سەر دۆخی ئیسرائیل و ڕایگەیاند، سەرەڕای دژایەتییەکانی بێنیامین نێتانیاهوو، ئەو توانیویەتی ئیسرائیل لە مەترسیی ''لەنێوچوونی ئەتۆمی'' ڕزگار بکات.
لەلایەکی دیکەوە، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا دانوستانەکان لەگەڵ واشنگتۆن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی دەست پێدەکەن. ئەو جەختی کردەوە کە ئەگەر لەم ٦٠ ڕۆژەدا بگەنە ئەنجام، گرنگترین بابەت بۆ تاران جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە دەبێت.