شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایانی ئێران ڕایگەیاند، زیادبوونی گوشارە ئەمنییەتییەکان و دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکان، بەشێکە لە پلانێکی بەئەنقەست و ڕێکخراو بۆ لاوازکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و بێدەنگکردنی دەنگی داواکارییەکانی کۆمەڵگە.
شۆرای هاواهەنگیی مامۆستایان جەخت دەکاتەوە کە دەسەڵات لە جیاتی چارەسەرکردنی قەیرانەکان، ڕێگەی سەرکوتی گرتووەتە بەر.
ئەم شۆرایە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ڕەخنەی توندی لە زیادبوونی گوشارەکان هاوکات لەگەڵ کەشی شەڕ، پچڕانی ئینتێرنێت و قووڵبوونی قەیرانە ئابووری و پەروەردەییەکان گرت.
لە دەقی بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەمنییەتیکردنی چالاکییە مەدەنی و پیشەییەکان، تەنیا نیشانەی ڕوونی دەستەوەستانی و ناتوانیی دەسەڵات لە وڵامدانەوەی داواکارییە ڕەوا و یاساییەکانی خەڵکدایە.
شۆرای هاواهەنگی لە کۆتاییدا، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم مامۆستایانی بەندکراو و ڕاگرتنی دۆسییەسازییە ناڕەواکان دەکات؛ هەروەها بە ئیدانەکردنی توندی شەڕ، سەرکوتکاری و دەستێوەردانی دەرەکی، داوای چەسپاندنی مافە بنەڕەتییەکانی وەک: ئاشتی، ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ دەکاتەوە.