کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دووبارەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە

15:17 - 26 بانەمەڕ 2726

ژمارەیەک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ هۆشدارییان بە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە داوە.

محەممەد موخبێر، ڕاوێژکاری ڕێبەری رێژیم، بە ئاماژەدان بە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی پێشووی ڕێژیم بۆ سەر هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ، ڕایگەیاندووە کە وڵامی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو وڵاتانەی کە پێگەیان داوەتە هێزەکانی سێنتکام گشتگیر نەبووە و هەڕەشەی کرد کە ئەم دانبەخۆداگرتنەی تاران هەمیشەیی نابێت.

موخبێر وڵاتانی ناوچەکەی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە خاکی خۆیان خستووەتە بەردەست ئەمریکا و ئیسرائیل.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە پەیامە هەڕەشەئامێزەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، ناوی ئیمارات و کوەیتی بەکار هێناوە.

هاوکات، ماڵپەڕی "نوورنیوز" سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم، لە زاری بەرپرسێکی پلەبەرزی سەربازییەوە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر هێرش بکرێتەوە سەر ئێران، ئەو ئامانجانەی لە هێرشەکانی پێشوودا بەهۆی هەندێک تێبینییەوە لێیان نەدراوە، ئەمجارە دەخرێنە ئەولەویەتی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیانەوە.

ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا دەکرێن کە ڕێژیمی تاران دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر شەڕی ئەم دواییە و گەمارۆ دەریاییەکان، هێشتا لە دۆخێکی ناسەقامگیر و لەرزۆکدایە.