کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لوبنان: کۆماری ئیسلامی بە ناوی دیپلۆماسییەوە تێرۆریستان دەنێرێتە وڵاتەکەمان

15:08 - 26 بانەمەڕ 2726

دەوڵەتی لوبنان لە کاردانەوەیەکی کەم‌وێنە و مێژووییدا، بە فەرمی سکاڵای دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.

بەپێی ئەو نامەیەی کە لەم دواییانەدا ئاشکرا بووە، بەیرووت تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە پارێزبەندیی دیپلۆماسیی بۆ مه‌بەستی تێرۆریستی بەکار هێناوە و سەرەڕای داواکاریی فەرمیی لوبنان، ئامادە نەبووە باڵیۆزەکەی لە بەیرووت بکشێنێتەوە.

ئەحمەد عەرەفە، باڵیۆزی لوبنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم نامەیەدا بە توندی هێرشی کردووەتە سەر تاران و ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لەژێر پەردەی چالاکیی دیپلۆماتیکدا، تێرۆریستانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕەوانەی خاکی لوبنان کردووە.

عەرەفە لەم نامەیەدا ڕایگەیاندووە کە ئێران بە پێچەوانەی ئاشکرای بڕیارەکانی دەوڵەتی لوبنانەوە، سەرپێچی و کردەوەی نایاسایی ئەنجام داوە.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: "ئەم هەڵسوکەوتەی ئێران دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرایە لە کاروباری نێوخۆیی لوبناندا و ئەم وڵاتە ڕادەکێشێتە ناو شەڕێکەوە کە خۆی نەیویستووە تێوەی بگلێت."

بڵاوبوونەوەی ئەم سکاڵا فەرمییە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی خولی دووەمی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنگتۆن، کە بە چاوەدێریی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان و هەڵوەشاندنەوەی ته‌واوی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا بەڕێوە دەچێت.