کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید

10:51 - 25 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٥، کاک خدر محەممەدزادە ناسراو بە "خدر خانەیی"، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی شاری "ساندڤیکین" لە سوید کۆچی دوایی کرد.

 کاک خدر خەڵکی گوندی "شێواوکان"ی سەر بە ناوچەی نەڵێنی سەردەشت بوو.

ئەم تێکۆشەرە بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەک پێشمەرگەیەکی تیکۆشەر لە هێزەکانی "گیاڕەنگ" و "شەهید موعینی"دا خەباتی کرد و بەهۆی لێهاتوویی خۆیەوە، تا پلەی سەردەستە لە هێزدا سەر کەوت.

کاک خدر ئەگەرچی دواتر بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە ئەرکی پێشمەرگایەتیی بەجێ هێشت، بەڵام هەمیشە وەک ئەندامێکی چالاک و دڵسۆز، بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرکێکی حیزبی ئامادە بوو.

لە قۆناغی تێرۆرکردنی تێکۆشەرانی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە باشووری کوردستان، کاک خدریش کرایە ئامانج؛ ناوبراو لە ٥ی بانەمەڕی ١٣٧٦ی هەتاوی لە شاری قەڵادزێ تەقەی لێکرا و بەسەختی بریندار بوو. پاشان بەهۆی مەترسییە ئەمنییەتییەکان، لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ٧٧دا ڕووی لە وڵاتی سوید کرد.

کاک خدر لە تاراوگەشدا تا ئەوکاتەی بەهۆی جەڵتەی مێشک باری تەندروستی تێک چوو، لە هەموو چالاکییە حیزبییەکاندا بەشدار بوو. بەداخەوە پێش گەیشتن بە ئاواتی ئازادیی کوردستان کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.