کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاری و هەژاری؛ دۆخی نالەباری ژنانی کرێکار لە ژێر سێبەری قەیراندا

10:33 - 25 بانەمەڕ 2726

فاتمە وەحدەت"، جێگری سەرۆکی یەکیەتیی ژنانی کرێکاری سەرتاسەری ئێران، لەبارەی لێکەوتەکانی شەڕ و قەیرانی ئابووری لەسەر دۆخی کارکردنی ژنان هۆشداریی دا.

ناوبراو ڕایگەیاند کە لە بارودۆخە قەیراناوییەکاندا ژنانی کرێکار زیاتر مەترسیی دەرکردن لە کارەکەیان لەسەرە و ئەو ژنانەی سەرپەرستی بنەماڵەن، زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.

فاتمە وەحدەت وێڕای ڕەخنەگرتن لە نەبوونی پاڵپشتیی پێویست بۆ ئەم توێژە، جەختی کردەوە کە زۆربەی بەرپرسان لەم بارودۆخە ئاگادارن بەڵام هیچ چاوەدێرییەکی جیددی بۆ ڕێگریکردن لەم پێشێلکارییانە بوونی نییە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی ٢٢.٥ لەسەدی بنەماڵەکان لەلایەن ژنانەوە سەرپەرستی دەکرێن و بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕیزی هەستیارترین و زیانپێکەوتووترین توێژەکانی کۆمەڵگەدا ئەژمار دەکرێن.

زۆرێک لەو ژنانە لە کارە نافەرمییەکان یان لە پلە نزمەکانی بازاڕی کاردا چالاکی دەکەن و لە کاتی قەیرانەکاندا، زیاتر لە کەسانی دیکە لە مەترسیی وەدەرنان و لادران لە کار و دامەزرانداندان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە نیشانەکانی هەژاری بە تەواوی لە کۆمەڵگەدا دیارن و بارودۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە هەندێک لە خەڵکی تەنانەت بۆ کڕینی نانیش تووشی کێشە بوون.