کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کەمی و گرانیی دەرمان پرۆسەی چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجەی لە ورمێ پەکخستووە

12:57 - 23 بانەمەڕ 2726

نەبوونی دەرمانە سەرەکییەکان و گرانبوونی لەڕادەبەدەری نرخەکەی، نەخۆشانی شێرپەنجە لە پارێزگای ورمێ تووشی قەیرانێکی مرۆیی قووڵ کردووە.

لە کاتێکدا کە نەخۆشان لەگەڵ ئازاری جەستەیی شێرپەنجە دەجەنگن، ئێستا خەمی دابینکردنی دەرمانی شیمیایی و دەرمانە تایبەتەکان بووەتە ڕەنجێکی دوو هێندە بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان؛ بە جۆرێک کە پچڕانی پرۆسەی چارەسەری، ژیانی هەزاران کەسی خستووەتە مەترسییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیلنا"، ڕێڕەوی ناوەندە دەرمانییەکان و دەرمانخانە تایبەتەکانی ورمێ، ئەم ڕۆژانە پڕن لەو نەخۆشانەی کە بەهۆی کەمیی دەرمانەوە تووشی دڵەراوکێیەکی قووڵ بوون.

زۆربەی دەرمانە سەرەکییەکان لە ناوەندە فەرمییەکاندا دەست ناکەون و تەنیا لە بازاڕی ڕەشدا بە نرخێکی گران دەفرۆشرێن؛ ئەمەش بنەماڵە هەژارەکانی ناچار کردووە بۆ کڕینی دەرمان، کەلوپەلی ناوماڵ و داراییەکانیان بفرۆشن.

دکتۆر وەلیزادە، پسپۆڕی شێرپەنجە، ئاماژە بەوە دەکات کە لەم جۆرە نەخۆشییانەدا بەردەوامیی چارەسەری کارێکی بنەڕەتییە و هەر دواکەوتنێک کاریگەریی دەرمانەکان کەم دەکاتەوە.

هاوکات ٥ هەزار نەخۆش بەهۆی بێ‌دەرەتانی لە نەخۆشخانەی خێرخوازی "ئومید" لە ورمێ چارەسەری خۆڕایی وەردەگرن.