کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوەیت بەهۆی دزەکردنی چوار پاسدارەوە باڵیۆزی ئێرانی بانگ کرد

09:10 - 23 بانەمەڕ 2726

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ڕایگەیاند کە محەممەد تووتوونچی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەو وڵاتە بانگ کردووە تا ناڕەزایەتیی توندی دەوڵەتەکەی بەرامبەر بە هەوڵی دزەکردنی هێزە چەکدارەکانی سەر بە سپای پاسدارانی پێ ڕابگەیەنێت.

کوەیت ئەم هەنگاوەی تارانی وەک "کردەوەیەکی دوژمنکارانە" و "هێرشێکی ڕاشکاو" بۆ سەر سەروەریی خاکەکەی ناو بردووە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوەیە کە وەزارەتی نێوخۆی کوەیت دەسبەسەرکردنی چوار ئەندامی سپای پاسدارانی ڕاگەیاند کە ویستوویانە لە ڕێگەی دەریاوە دزە بکەنە نێو دوورگەی "بوبیان".

بەپێی بەیاننامە فەرمییەکان، دەسبەسەرکراوەکان بریتین لە دوو سەرهەنگ، یەک سەروان و ستوانێکی هێزی دەریایی سپای پاسداران کە دانیان بەوەدا ناوە مەبەستیان بووە بۆ ئەنجامدانی "کردەوەی تێکدەرانە" بچنە نێو خاکی کوەیتەوە.

لەم پێوەندییەدا، هەواڵدەریی دەوڵەتیی "کۆنا" بڵاوی کردەوە کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو چوار پاسدارەدا، ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانی کوەیت بریندار بووە.

لە دوای دەسپێکی شەڕی ناوچەکەوە ئەمە چوارەمین جارە باڵیۆزی تاران لە کوەیت بانگ دەکرێت.

کوەیت هۆشداریی داوە کە "مافی بەرگری لە خۆی" دەپارێزێت و تاران بە بەرپرسیاری تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و بەزاندنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان دەزانێت.