کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: یان لەگەڵ ئێران دەگەینە ڕێککەوتن یان بە تەواوی لەنێو دەچن

09:07 - 23 بانەمەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بەرلە سەفەر بۆ چین ڕایگەیاند کە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، پێویستی بە یارمەتیی ئەو وڵاتە (چین) نییە.

ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە لە دیداریدا لەگەڵ شی جین‌پینگ، سەرۆککۆماری چین، گفتوگۆی وردیان دەبێت، بەڵام جەختی کردەوە کە دۆسییەی ئێران لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی واشنگتۆندایە.

ئەم لێدوانانەی ترامپ لە کاتێکدایە کە چین یەکێک لە هاوبەشە ئابوورییە سەرەکییەکانی تارانە و کڕیاری سەرەکیی نەوتی کۆماری ئیسلامییە.

ترامپ سەبارەت بەو بنبەستەی لە شەڕی دوو مانگ و نیوی ڕابردوو و پرسی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆز هاتووەتە ئاراوە، وتی: "یان دەگەینە ڕێککەوتن، یان کۆماری ئیسلامی بە تەواوی لەنێو دەچێت."

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە بەردەوامیی یارمەتییە سەربازییەکانی چین بۆ تاران و کڕینی نەوتی گەمارۆدراوی ئێران، ترامپ هەڵوێستی سەرۆکی چینی بە "تا ڕادەیەک باش" وەسف کرد.

ئەم هەڕەشە ڕاشکاوانەی سەرۆککۆماری ئەمریکا نیشانەی توندتربوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر تارانە تا ناچار بە پاشەکشە لە سیاسەتە ناوچەیی و ئەتۆمییەکانی بکرێت.