کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: زەبرێکی کوشندەمان لە ژێرخانە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی داوە

09:30 - 18 خاکەلێوه 2726

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی حەماسی" دژ بە ڕێژیمی ئێران، زیاتر لە ١٣ هەزار ئامانجی سەربازی لە نێوخۆی ئێران کراونەتە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی سێنتکام لە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خاکەلێوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا زیاتر لە ١٥٥ کەشتی و ژێردەریایی و بەلەمی سەربازیی کۆماری ئیسلامی تێک شکێندراون یان زیانی قورسیان پێ گەیشتووە.

ئامانجەکان بریتی بوون لە ناوەندەکانی فەرماندەیی، بارەگاکانی سپای پاسداران، بنکە مووشەکییەکان و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی.

ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە کارخانەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک و دڕۆن، کۆگا ژێر زەوییەکان و ژێرخانە پەیوەندییە سەربازییەکانی ڕێژیم بە توندی پێکراون.

ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی حەماسی" لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ بە فەرمانی سەرۆککۆماری ئەمریکا دەستی پێ کردووە و ئامانجی سەرەکیی تێکشکاندنی ئەو ناوەندانە بووە کە وەک هەڕەشەی جیددی بۆ سەر ناوچەکە ئەژمار دەکرێن.