کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی وێبینارێک بۆ ساڵیادی تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا

13:45 - 23 خەرمانان 2726

ڕۆژی یەكشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بریتانیا وێبینارێکی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی میکۆنۆس، هەشتەمین ساڵوەگەڕی مووشەكبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و هەروەها چوارەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ژینا ئەمینیدا، بۆ کاک کەماڵ کەریمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهێنا.
وێبینارەکە بە بەڕێوەبەریی سیامەک زەمانی ئەندامی کۆمیتە ناوچەی باکووری ڕۆژاوای ئینگلیس بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر دوکتۆر كاوە مودەڕەسی، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە بریتانیا لە وتەیەکی کورتدا بەخێرهاتنی بەڕێز کاک کەماڵ کەریمی و ئەندامانی بەشداری وێبینارەکەی کرد.
کاک کەماڵ کەریمی لە قسەکانیدا ئاماژەی بە تێرۆری دوكتۆر شەرەفكەندی و هاوڕێیانی کرد و خەسار و لێکەوتەکانی ئەم ڕووداوەی بۆ سەر حیزبی دێموكرات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان هێنایە بەرباس و لێوەشاوەیی ناوبراوی دوای شەهیدكرانی دوكتۆر قاسملوو، وەبیر بەشداربووانی کۆڕەکە هێنایەوە.
لە بەشێکی دیكەی وێبینارەكەدا بەڕێز كەریمی باسی مووشەكبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە خەرمانانی ٩٧ و چوارەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا و بەرخۆدانی ژن، ژیان، ئازادی کرد و بەردەوامیی ئەم خەباتەی لە قۆناغەکانی دواییدا باس کرد و خوێندنەوە و سەرنجی حیزبی دێموکراتی لە ئاست ڕووداوەکان ئاماژە پێدا.
وێبینارەكە بە پرسیاری بەشداربووان و وڵامدانەوە لەلایان بەڕێز كەریمییەوە كۆتایی پێهات.