دۆسییەی حوسێن ڕەسووڵینەسەب یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، بە تۆمەتگەلێکی وەک «موحاربە لە ڕێگەی بەشداریکردن لە تێکدان و وێرانکردنی سامانی گشتی»، "ئاگرتێبەردانی ناوەندە ئاینییەکان" و «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئەمنییەتی نیزام» پێکھاتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، دۆسییەی حوسێن ڕەسووڵینەسەب لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاندیزەوە هەیە.
ڕەسووڵینەسەب، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لە شاندیز هاوکات لەگەڵ ژمارەیەک لە ناڕازییەکی دیکەدا دەسبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بۆ زیندانی وەکێڵئابادی مەشهەد گوازرایەوە.
شایانی باسە ١٨ کەس لە دۆسییەی ئاگرکەوتنەوەی زیندانی دەستگرددا ڕووبەڕووی مەترسیی لەسێدارەدان بوونەتەوە کە ڕەسووڵینەسەب یەکێک لەوانە.
ئەوە لەکاتێکدایە دیوانی باڵای ڕێژیم لە ٩ی خەرماناندا سزای لەسێدارەدانی عەلیئەسغەر (عەلیڕەزا) پەیغەمبەری، هاووڵاتیی ٢٦ ساڵە و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری پەسەند کرد.
هەروەها ڕۆژێک دوای ئەوە، ڕاگەیەندرا کە عەلی زارعی دووزدەرەسی، زیندانیی سیاسی و یەکێک لە بریندارانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، لەلایەن لقی ٢٣ی بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تاران بە تۆمەتی «افساد فیالارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
ئەم دۆسییانە بەشێکن لە ڕەوتی دەرکردن و پەسەندکردنی سزاکانی لەسێدارەدان بەسەر بەندکراوانی سیاسی و ئەمنی و پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکان بە تایبەت ناڕەزاتییەکانی مانگی بەفرانبار لە حەفتەکانی ڕابردوودا؛ ئەو سزایانەی کە زۆرتر بەپێی تۆمەتگەلێکی وەک «موحاربە»، «بەغی» و «افساد فیالارض» دەرچوون.